
لەگەڵ بەردەوامیی هێرشی میلیشیا شیعەکانی عێراق بۆسەر بنکە سەربازیی و دیبلۆماتییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا و کەنداو لە بەغدا و هەرێمی کوردستان، واشنتۆن پەیامێکی توندی ئاڕاستەی عێراق کردووە.
بەرپرسێکی کورد لە حکومەتی عێراق تایبەت بە کورد مۆنیتەر ئاشکرایکرد، لەڕێگەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە پەیامێکی توند ئاڕاستەی حکومەتی عێراق کراوە، کە بەپەلە ڕێکارەکانی “هەڵوەشاندنەوەی میلیشیا شیعەکان” دەستپێبکات.
ئەو بەرپرسە کوردە ئاماژەی بەوەشدا، لە پەیامەکەدا ئەمریکا داوایکردووە “بەشێوەی یەکجاریی و کۆتایی” میلیشیا شیعەکان هەڵوەشێنەوە، هاوکات ئەوان بە بکەری ڕاستەوخۆی هێرشەکانی سەر هەولێر و سلێمانی ناوبراون.
لەپاش پەیامی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ حکومەتی عێراق، وەك ئەو بەرپرسە کوردە گوتی: چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە کۆدەبێتەوە و تاوتوێی ئەو داواکارییەی ئەمریکا دەکات. لەبارەی وردەکاریی داواکارییەکەی ئەمریکا ئەو بەرپرسە کوردە گوتی: ئەمریکا داواکارییەکەی گۆڕیوە، سەرەتا لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و تێکەڵکردنی بوو لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق، بەڵام ئێستا داواکارییەکەی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گروپانە گۆڕیوە، کە راستەوخۆ لەژێر ئەجێندای ئێراندا کاردەکەن دیارترینیان: نوجەبا و حزبوڵڵای عێراقی-ن.
هاوکات باسی لەوەشکرد، لەحاڵەتی هەڵنەوەشاندنەوەی ئەو گروپانەدا، ئەمریکا هەڕەشەی پەنابردنەبەر بژاردەی سەپاندنی سزای ئابووریی بەسەر عێراق کردووە. توندبونەوەی پەیامی واشنتۆنی گرێدایەوە بە کوژرانی ئەفسەرێکی فەرەنسی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشێکی درۆنیی میلیشیا شیعەکانەوە، وەك ئەو بەرپرسە کوردە وتی: هەر وڵاتێک سکاڵای لەسەر عێراق هەبێت لای ئەمریکا سکاڵا دەکات، چونکە بەبێ ئاگاداریی و ڕەزامەندیی ئەو، هیچ وڵاتێک ناتوانێت وەڵامی هەڕەشەی گروپە چەکدارەکان بداتەوە.
تاوەکو ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 315 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتە سەری. بەهۆی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان، شەش سەربازی فەرەنسی برینداربوون و ئەفسەرێکی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستان گیانی لەدەستداوە.





