سەرچاوەیەکی باڵا بۆ کورد مۆنیتەر: گومان دەکەین حکومەتی عێراق نەک ڕێگریی بەڵکو ئاسانکاریش بۆ هێرشی میلیشیاکان بکات

بەردەوامی هێرشە درۆنی و موشەکییەکان و چڕبونەوەی بۆسەر ناوەندەکانی ستراتیژییەکانی هەرێم، بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی هەراسانکردووە، بۆ ئەو مەبەستەش شاندێکی ئەمنیی هەرێم بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان سەردانی بەغداد دەکات و داوای ڕونکردنەوە لە حکومەتەکەی سودانی دەکات

دوو سەرچاوەی باڵا بە “کورد مۆنیتەر” راگەیاند: چربونەوەی هێرشەکانی دوو رۆژی رابردوو بەتەواوەتی بەرپرسانی هەرێمی نیگەرانکردوە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە بەشێک لە دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق نەک تەنها لەسەر هێرشەکان بێدەنگن بەڵکو ئاسانکاریی تەواو بۆگروپەکانی “بەرەی موقاوەمە” دەکرێت.

بە وتەی سەرچاوەکان؛ شاندەکەی هەرێم چەند بەڵگەیەک دەخەنە بەردەم بەرپرسانی بەغداد کە دەیسەلمێنن ئەو گروپانەی هێرشدەکەنە سەر خاکی هەرێم لە ڕێگەی بودجە و چەکی فەڕمی دەوڵەتەوە هێرشەکانیان ئەنجام دەدەن و لەلایەن حکومەت پارەدار دەکرێن.

“کورد مۆنیتەر” زانیوێتی: شاندە ئەمنییەکە داوای رونکردنەوە لە بەرپرسانی عێراق دەکەن کە چۆن دەکرێت گروپە چەکدارەکان بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و سەکۆی موشەکەوە بگەنە نزیکترین خاڵەکانی سنووری هەرێمی کوردستان، بەبێ ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە ڕێگرییان لێ بکرێت یان تەنانەت هەستیان پێ بکرێت؟.

سەرچاوەکانی “کورد مۆنیتەر” ئاماژەیان بەوە کردوە: بەرپرسانی هەرێم ئەم بێدەنگییەی بەغداد وەک “هاوکاریی ناڕاستەوخۆ” دەبینن و داوای هەڵوێستێکی ڕاشکاو لە حکومەتەکەی سودانی دەکەن بۆ ڕاگرتنی ئەم هێرشانە کە ئاسایشی نەتەوەیی و ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج.

Back to top button