
ئیسرائیل هۆشداری داوەتە ئەمەریکا کە مووشەکی بالیستیکی بەشێوەیەکی مەترسیدار کەم دەبێتەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە شەڕی دژی ئێران دەچێتە هەفتەی سێیەمەوە، بەگوێرەی ئەو بەرپرسە ئەمریکیانەی قسەیان بۆ میدیاکانی وڵاتەکەیان کردووە.
سیستەمی بەرگری ئیسرائیل لە جەنگی 12 رۆژەی ساڵی رابردوو، لەگەڵ جەنگی ئەم جارەدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەشدارە لەو جەنگەدا، بەهۆی زۆری مووشەکەکانی ئێران بۆسەر ئیسرائیل و بەرپەرچدانەوەیان لەلایەن سیستمی بەرگریی مووشەکیی تەلئەبیبەوە، ئێران فشاری زیاتری خستۆتە سەر تۆڕی بەرگری ئاسمانی دوور مەودای ئیسرائیل.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران بەشێک لە مووشەکەکانیشی بە تەقەمەنی کۆکراوە تەیار کردووە، ئەمەش هەوڵەکانی ڕێگریکردن ئاڵۆزتر کردووە و کەمبوونەوەی کۆگاکانی ئیسرائیل خێراتر کردووە. واشنتۆن چەند مانگێکە ئاگاداری ئەو کێشەیە بووە. بەرپرسێکی ئەمریکی بە میدیاکانی گوتووە، “ئەوە شتێکە چاوەڕێمان دەکرد و پێشبینیمان دەکرد”.
هەمان ئەو بەرپرسە جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا ڕووبەڕووی کەمیی هاوشێوە نابێتەوە و یەدەگی بەرچاوی مووشەکی سیستمی بەرگریی هەیە. ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لە زیادبووندایە کە شەڕێکی درێژخایەن لەگەڵ ئێران دەتوانێت بە خێرایی پێداویستییە بەرگرییە مووشەکییەکان کەمبکاتەوە.
تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا واشنتۆن مووشەکی زیادە دەداتە ئیسرائیل یان نا. پاکێجەکانی پێشووی یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا سیستەمی بەرگریی مووشەکییان لەخۆگرتبوو و هەر گواستنەوەیەکی دیکەش دەتوانێت فشار بخاتە سەر کۆگاکانی ئەمریکا.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە گوتی: “هەموو ئەو شتانەمان هەیە کە پێویستمانە بۆ پاراستنی بنکەکانمان و کارمەندانمان لە ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانمان”، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیسرائیل چارەسەرێک بۆ کێشەی کەمی مووشەکەکان دەدۆزێتەوە.
لە میانی ململانێی 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئێران لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا، ئەمریکا زیاتر لە 150 ئامێری ڕێگریکەری THAADی تەقاندەوە، بەپێی سەنتەری لێکۆڵینەوە ستراتیژی و نێودەوڵەتییەکان – کە نزیکەی چارەکێکە لە کۆگاکانی ئەمریکا لەو کاتەدا. هەروەها دەوترێت لە ڕۆژانی سەرەتای جەنگەکەی ئێستادا، واشنتۆن بە بەهای نزیکەی 2.4 ملیار دۆلاری لە مووشەکی پاتریۆت خەرج کردووە.





