
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە شارەزایی و ئەزموونی خۆی لە تێکشکاندنی درۆنە خۆکوژە ئێرانییەکان بخاتە خزمەت وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام لە بەرامبەردا داوای پشتیوانی دارایی و تەکنەلۆژیا دەکات.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت، ئۆکرانیا سێ تیمی پسپۆڕی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە بۆ وڵاتانی قەتەر، ئیمارات و سعودیە و تیمێکی دیکەش لە بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە ئوردن جێگیر کراون.
-ئەم تیمانە هەڵسەنگاندنی پسپۆڕانە ئەنجام دەدەن و شێوازی کارکردنی سیستمەکانی بەرگری دژی درۆن نیشانی ئەو وڵاتانە دەدەن.
زێلێنسکی جەختی کردەوە ئۆکرانیا دەیەوێت ئەم هاوکارییە “دوولایەنە” بێت؛ واتە گواستنەوەی ئەزموونی ئۆکرانیا لە بەرامبەر بەدەستهێنانی پارە و تەکنەلۆژیا بۆ بەهێزکردنی سوپاکەی خۆی.
سەرۆکی ئۆکرانیا گوتیشی ئێمە لە شەڕدا نین لەگەڵ ئێران، ئەمە پەیوەندی بە بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانەوە نییە، بەڵکو تەنیا بۆ پاراستن و هەڵسەنگاندنی وردی چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی درۆنە ئێرانییەکانی جۆری شاهید.
وڵاتانی کەنداو پێشتر بڕێکی زۆر موشەکی گرانبەهایان بۆ خستنەخوارەوەی درۆنە هەرزانبەهاکان بەکارهێناوە، ئێستا دەیانەوێت سوود لە ئەزموونی ئۆکرانیا وەربگرن کە شەوانە بە چەکی هەرزان و سیستەمی جەنگی ئەلیکترۆنی درۆنەکان تێکدەشکێنێت.





