بەغدا هەڕەشەی جوڵاندنی هێز دژی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات

حکوومەتی فیدراڵی عێراق هۆشداری دەداتە هەرێمی کوردستان، کە ڕێگە نەدەن حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشداریی لە شەڕی دژ بە ئێران بکەن، هۆشداریشیان داوە ئەگەر حزبەکانی ڕۆژهەڵات بیانەوێت بچنە ئێرانەوە، هێزەکانی عێراق دەتوانن جوڵە بکەن بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە سنوورییەکان .

دوو بەرپرسی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە کورد مۆنیتەر-یان راگەیاند، بەغدا سەرەتای ئەم هەفتەیە هۆشداریی بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم گەیاندووە، ڕێگە بە جوڵەی حزبەکانی ڕۆژهەڵات نەدەن، چونکە بەغدا ترسی ئەوە هەیە کە هێزە کوردییەکان لەلایەن واشنتۆنەوە ناچاربکرێن بچنە نێو شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.

یەکێک لە بەرپرسانی عێراقی ئاگادار لە گفتوگۆکان بۆ کورد مۆنیتەر گوتی: پەیامەکەی بەغدا ڕوون بوو کە نابێ حزبەکانی ڕۆژهەڵات لە جەنگی ئێرانەوە تێوەبگلێن. ئەو بەرپرسە گوتیشی “ئەگەر حکومەتی هەرێم نەتوانێت ڕێگری لێبکات، ئەوا هێزەکانی عێراق بۆ ئەمنیەتی سنوورەکان جوڵە دەکەن”.

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامەکەی بەغدای بۆ کورد مۆنیتەر پشتڕاستکردەوە و گوتی: حکومەتی هەرێم لەژێر فشارێکی توندی بەغدا و وڵاتانی دراوسێدایە، بۆ ئەوەی ڕێگری لەجموجوڵی حزبەکانی ڕۆژهەڵات بکات”.

ئەو بەرپرسەی حکومەتی هەرێم نەیشاردەوە هەوڵێکی نوێ هەیە بۆ تێوەگلانی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە جەنگەکە، سەرەرای ئەوەی بەرپرسانی واشنتۆن ڕەتیدەکەنەوە کورد لەو جەنگەدا بەشداریی بکات، وەك ئەو گوتی: پێشبینی دەکەین ئەم هەفتەیە شتی نوێ پەیوەست بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبدات.

Back to top button