
لە نێوان هەڵمەتە ئاسمانییە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەردەوامیی جەنگی ئێران، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند، هێزەکانیان ئامادەن ئۆپەراسیۆنی زەمینی دژی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستپێبکەن، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەڵێنی پشتیوانیکردنیان بدات.
عەبدوڵڵا موهتەدی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە گۆڤاری نیوزویک-ی ڕاگەیاندووە: “من باوەڕم وایە ئەگەر ئەمریکا بڕیاری پاراستن و پاڵپشتیکردنی لایەنە کوردییەکان بدات، دەتوانین ڕۆڵێکی زۆر گرنگ ببینین”.
عەبدوڵڵا موهتەدی ئاماژەی بەوەشداوە، “دەتوانین دەست بە پرۆسەی ڕزگاری بکەین- نەک بە مانا تەقلیدییەکەی وشەکە- بەڵکو بە دەرکردنی هێزەکانی ئێران و کۆنترۆڵکردنی شارەکان لە ناوچە کوردنشینەکان، پاراستنی گەلەکەمان لە کۆمەڵکوژییە چاوەڕوانکراوەکانی هێزەکانی ڕژێم و دابینکردنی ئەمنیەت و پێشگرتن لە ئاژاوەگێڕی. هەروەها ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی مۆڕاڵێکی بەرچاو بە گەلی ئێران بۆ سەرهەڵدان”.
موهتەدی لەبارەی بڕیاری یەکخستنی هێزە کوردییەکانی ئێران دەڵێت، “هەندێک خاڵمان هەبوو کە دەمانویست پێش ڕاگەیاندنی هاوپەیمانییەکە ڕوونی بکەینەوە، وەک یەکخستنی هێزی پێشمەرگە لە کوردستانی ئێران لە قۆناغێکی دواتردا، هەروەها ئیدارەیەکی هاوبەشی کورد لە ناوچەکەدا”.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، بەڵام کاتێک قەیرانەکە سەریهەڵدا و شەڕ دەستی پێکرد، بۆمان دەرکەوت کە کاتی گونجاو نییە بۆ ئەم وردەکاریانە، باشترە یەکگرتووبین و هەوڵبدەین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان لە ڕێگەی هاوپەیمانێتیەکەمانەوە”.
هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ گوتی: نەخشەی ئێران وەك پێشوو نامێنێت، بەڵام سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بۆ نیوز ویک ئەوەی ڕەتکردوەتەوە کە هێزە کوردییەکان بیانوێت خاکی ئێران دابەش بکەن.
موهتەدی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا بەدوای مۆدێلێکی خۆبەڕێوەبەری هاوشێوەی ئەو مۆدێلانەی لە باشوور (هەرێمی کوردستان) ڕۆژئاوای کوردستان (ئیدارەی خۆسەر) دەگەڕێن، گوتی: هەر ڕێکخستنێک لە داهاتوودا دەکرێت دەرئەنجامی وتووێژ و کۆدەنگی نێوان هێزە سیاسییە جیاوازەکانی ئێران بێت.
موهتەدی ڕوونیشیکردەوە، لە داواکارییە سەرەتاییەکانی حزبە کوردییەکان بریتین لە:
پەروەردە بە زمانی دایکی شانبەشانی زمانی فارسی؛ بوونی پەرلەمانی ناوخۆیی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری پارێزگاکان.
موهتەدی ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارە ڕۆژانی ڕژێمی ئێران ڕوو لەکۆتایی بکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ترسی هەیە سیناریۆی تۆڵەسەندنەوە و کۆمەڵکوژی ڕووبدات ئەگەر ڕژێم لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
لە کۆتاییدا موهتەدی گوتی “دڵنیام پێناسەی ئێران بۆ سەرکەوتن شکستپێهێنانی ئەمریکییەکان نییە لە شەڕدا، بەڵکو مانەوەیە لە دەسەڵاتدا، ئەگەر لە دەسەڵاتدا بمێننەوە، ئەوا خۆیان بە سەرکەوتوو دەزانن”.





