حکومەتی هەرێمی کوردستان ترسی هەیە میلیشیا شیعەکان بۆری نەوتی هەرێم بتەقێننەوە

 

بەغدا فشاردەکات بۆ هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە چەند مەرجێک کە بۆ هەناردەکردنی نەوت هەیەتی، ترسی ئەمنیشی هەیە ئەگەر بڕیاری هەناردەکردنی نەوت بۆ بەندەری جەیهان بدات.

سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، ئێران لەگەڵ ئەوەدا نیە وڵاتان نەوت هەناردە بکەن و قەیرانی ڕاگرتنی جوڵەی کەشتییە جەنگیەکان لە گەروی هورمز تێپەڕێنن، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان ترسی هەیە لەوەی ئەگەر نەوت هەناردە بکات، لەلایەن میلیشیا شیعەکانەوە بۆریی نەوتی کوردستان بە ئامانج بگیرێت.

کۆمپانیای کار ئەم بۆرییە نەوتییەی دروستکردووە و 40%ی خاوەندارێتییەکەی بۆ ئەو کۆمپانیایە دەگەڕێتەوە، بەپێی زانیارییەکان تێچووی دروستکردنی نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار بووە. 60%ی خاوەندارێتیی بۆرییەکەش بۆ کۆمپانیای رۆسنەفتی رووسی دەگەڕێتەوە. لە 2ی حوزەیرانی 2017، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی و وەزیری سامانە سروشتییەکان لە کابینەی هەشتەم، گرێبەستێک لەگەڵ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای رۆسنەفت واژۆ کرا، کە بەشێکی گرێبەستەکە فرۆشتنی 60%ی بۆری نەوتی کوردستان بوو بە کۆمپانیای رۆسنەفت بە بەهای 1 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار.

ئەو بەرپرسە باڵایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نمونەیەکی باسکرد کە هۆکارە بۆ دروستبوونی ترس لە بەئامانجگرتنی بۆری نەوتی کوردستان، ئەویش ئیمارات و سعودییەیە، کە بەگوتەی بەرپرسەکەی حکومەتی هەرێم: ئێستا ئیمارات دەیەوێت پشت لە گەروی هورمز بکات و لە بەندەری فوجەیرەوە بە بۆری نەوت هەناردە بکات، سعودیەش بەهەمانشێوە لە بەندەری یەنبوع-ەوە نەوت هەناردە بکات، بەڵام ئێران بۆریە نەوتییەکەی ئیماراتی لە فوجەیرە کردوەتە ئامانج و هەڕەشەی بە ئامانجگرتنی بۆرییە نەوتییەکەی سعودییەش دەکات.

Back to top button