
*حکومەتی عێراق خۆی ماوە بەسەرچووە، ناتوانێت هەمان دەستەواژە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکاربهێنێت
*دەستەواژەی “حکومەتی هەولێر” جێگەی دەستەواژەی “حکومەتی هەرێمی کوردستان” دەگرێتەوە
*محەمەد شیاع سودانی داوای لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کردووە دەستەواژەی “حکومەتی هەولێر” بەکاربهێنن
*هەر ڕێکارێک دژی هەرێمی کوردستان بگیرێتەبەر، ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە دۆسیەی مووچەی فەرمانەبەرانەوە دەبێت
کێشەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر دۆسیەی هەناردەکردنی نەوت قوڵتر بووەتەوە، وەزارەتی نەوت لەپارشێو دا بە ڕاگەیەنراوێک هۆشداریی توند دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەڵێت: رێگریکردن لە هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی بۆریی کەرکووک – جەیهان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی گەل و ناوبانگی نێودەوڵەتیی عێراق. هەر لەو ڕاگەیەنراوەدا گوتوشیەتی: وەزارەتی نەوت داوا لە حکومەتی هەولێر دەکەین لە بڕیاری رێگریکردن لە هەناردەی نەوت پاشگەز ببێتەوە، ئەگەرنا حکومەتی فیدراڵی هەموو رێکارە یاساییەکان دەگرێتە بەر.
دەستەواژەی “حکومەتی هەولێر”
لەگەڵ هەڵکشانی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بۆ یەکەمجار لە بەغداوە دەستەواژەیەک بەکارهێنرا ئەویش “حکومەتی هەولێر” بوو، هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدان لە پەرلەمانی عێراق کە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران سەرۆکایەتی دەکات کاتێک وەڵامی یەکەم ڕاگەیەنراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی دایەوە گوتی: بەیاننامەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەولێر نابەرپرسانەیە. ئەوەش یەکەم بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیەیە لە دژی هەرێمی کوردستان.
سەرچاوەیەک لە نێو حکومەتی عێراق بۆ کورد مۆنیتەر گوتی: سودانی داوای لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی پەیوەست بە کێشەی نەوت و داهاتی دەروازە سنورییەکان کردووە، لە ڕاگەیەنراوەکانیاندا دەستەواژەی “حکومەتی هەولێر” بەکاربهێنن، چونکە سودانی پێیوایە مامەڵەی ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها تەعبیرە لە ڕای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆچوونێکی جیاوازی هەیە.
حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەردوکیان بوونەتە حکومەتی کاربەڕێکەر، بەڵام هیچیان ناتوانن ئەو دەستەواژەیە بۆ یەک بەکاربهێنن، بۆیە عێراق بە دەستەواژەی “حکومەتی هەولێر” دەیەوێت هەم قەبارەی حکومەت بچووک بکاتەوە، هەم پەیامێکی سیاسی و یاسایی بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بنیرێت، کە ئەو هەنگاوانەی حکومەتەکەی، تەنیا ڕای پارتی خۆیەتی و لەداهاتووشدا وەك حکومەتێکی بچوککراوە لەڕووی یاساییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
ئێستا لەبەغدا کۆدەنگییەکی گەورەی سوننە و شیعەکان دژی هەرێمی کوردستان دروستبووە، ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقە و تەوەری کۆبونەوەکە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانە، مەترسی هەیە لەو کۆبوونەوەیەدا حکومەتی عێراق بە بڕیارێک پابەند بکرێت، کە هێدەی دیکە درز بخاتە نێو پەیوەندییەکانی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم، ئاسانترین بژاردەش بۆ بەغدا بڕیاردانە لەڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەران تا ئەو کاتەی هەرێمی کوردستان پابەندی هەناردەکردنی نەوت دەبێت، ڕێکارێک کە هیچ کاتێک نەبوەتە کارتی فشار بۆسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، هێندەی بارگرانیی بووە بۆسەر ژیانی مووچەخۆرانی کوردستان.
رۆژی یەکشەممە 15ی ئەم مانگە، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە رێگە بدات نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتی کردووەتەوە و ”مەرجی پێشوەختە”ـی داناوە.
بەڵام وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، بەغدا بابەتەکەی شێواندووە و دەیەوێت رای گشتی چەواشە بکات.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بەوە کرد، “حکومەتی ئێستای بەغدا لە مانگی یەکەوە گەمارۆیەکی خنکێنەری بە بیانووی جێگیرکردنی سیستمی ئاسیکۆدا خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان و رێگە نادات دۆلار بۆ بازرگانەکان بەردەست بێت. لەوکاتەوە هیچ جووڵەیەکی بازرگانی نەماوە.”
سامانە سرووشتییەکان ئاماژە بە هێرشە بەردەوامەکانی سەر کێڵگە نەوتییەکان دەکات و رایدەگەیێنێت: “میلیشیا لەیاسادەرچووەکان هەموو کێڵگە و پاڵاوگەکانی نەوت و گازیان کردووەتە ئامانج؛ لە ئەنجامی ئەم هێرشە تیرۆریستییانەدا، بەرهەمهێنان وەستاوە و هیچ بەرهەمێکی نەوتی لە کوردستان نەماوە تاوەکو هەناردەی دەرەوە بکرێت.”
بافڵ تاڵەبانی بە پارتی گوت: هاوهەڵوێستتان نین
شەوی دووشەممە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دیدی حزبەکەی لەکێشەکانی هەولێر و بەغدا بە ڕوونی خستەڕوو، تاڵەبانی گوتی: لەم کاتەدا کە ناوچەکەمان رووبەڕووی گرژی و ناسەقامگیرییەکی سەخت بووەتەوە، نابێت ئەو بڕیارانەی کە کاریگەرییان هەیە لەسەر چارەنووس و ژیانی گەلەکەمان، بە شێوەیەکی تاکلایەنە بدرێن. حکومەتی هەرێمی کوردستان حکومەتێکی بنکەفراوانە، و دەبێت هەموو لایەنەکان بەگوێرەی ئەوە هەڵسوکەوت بکەن.
هەر لەو پەیامەیدا سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەداوە، ئێستا کاتی گرژی و ئاڵۆزی یان تۆمارکردنی خاڵی سیاسی نییە. خەڵکەکەمان شایەنی ئەوەیە کە ژیانێکی سەقامگیری هەبێت و لەکاتی خۆیدا مووچەکانیان وەربگرن. ئێستا کاتی یەکڕیزییە لە بەرامبەر ئەو مەترسییە گەورانەی کە دەکرێت تووشمان ببن.
کێشەیەکی گەورە و کۆبوونەوەی ئۆنڵاین بۆ چارەسەرکردنی
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی نەوت و سیستمی ئەسیکۆدا کۆببنەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بەشێوەی ئۆنڵاین بەڕێوەدەچێت.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کورد مۆنیتەر ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک بە نێوەندگیریی و ئاگاداریی ئەمریکییەکان لەبارەی هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی کوردستان و سیستمی ئەسیکۆدا و کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کە لەم دواییانەدا سەریهەڵدا بەڕێوە دەچێت.
لەبارەی بەشداربوانی کۆبوونەوەکە ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر گوتی: شاندی کوردیی فوئاد حوسێن سەرۆکایەتی دەکات، بەنگین ڕێکانی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران بەشدار دەبن، لەبارەی شاندی عێراقیش ئەو سەرچاوەیە گوتی: حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و ژمارەیەک لە بەرپرسە تەکنیکییەکانی وەزارەتی نەوت بەشدار دەبن.
دەربارەی ئەوەی هۆکار چییە کۆبوونەوەکە بە شێوەی ئۆنڵاین ئەنجامدەدرێت ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر گوتی: بەهۆی دۆخی ئێستای عێراق و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان، شاندی هەرێمی کوردستان ناتوانن بە فڕۆکە گەیشتی بەغدا بکەن، بۆیە کۆبوونەوەکە بە شێوەی ئۆنڵاین دەبێت.





