ئیسرائیل چۆن عەلی لاریجانی کوشت؟

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کوشتنی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانیان راگەیاند. رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی هەندێک زانیاری لەبارەی بەئامانجگرتنی لاریجانی بڵاوکردوەتەوە کە دەڵێت، لە بەرپرسێکی ئیسرائیلی وەرگرتووە.

وەک گاردیان دەڵێ، بەرپرسە ئیسرائیلییەکە رایگەیاندووە، پلانی بەئامانجگرتنی ئەو شوێنەی لاریجانی تێدا دەمایەوە بۆ شەوی یەکشەممە داڕێژرابوو، بەڵام لە دوایین چرکەدا گۆڕانی بەسەردا هات و دواخرا. بەرپرسەکە رایگەیاندووە، دوای ئەوەی پلانی هێرشەکە دواخرا، ئیدی دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە زانیاریی هەواڵگرییان بەدەست گەیشت کە لاریجانی کەمێکی دیکە دەگاتە یەکێک لەو شوقانەی کە تێیاندا دەمێنێتەوە.

بە گوێرەی بەرپرسەکە، دوای وەرگرتنی ئەو زانیارییە، هێرشی ئاسمانی کرایە سەر ئەو شوقەیە و لەو کاتەیشدا لاریجانی لەگەڵ کوڕێکی لەوێ بووە.

رۆژنامەکە دەڵێ، کاتێک هەواڵی بەئامانجگرتنی ئەو شوێنە بڵاوکرایەوە و هێشتا چارەنووسی لاریجانی دیار نەبوو، بەرپرسێکی دیکەی ئیسرائیلی گوتی: “دەرفەتی ئەوەی لاریجانی لەو هێرشەدا رزگاری بووبێت، سفرە”.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی، لاریجانی شەوی رابردوو کوژراوە.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆش بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل کاتەکەی گۆڕی و گوتی، “ئەم بەیانییە عەلی لاریجانی، سەرکردەی سوپای پاسدارانمان لەنێوبرد،” و بەو جۆرەش سوپای پاسدارانی ناوبرد کە بەشێوەیەکی کرداری ئێران بەڕێوەدەبات. تاوەکو ئێستا بەرپرسانی ئێران کوشتنی لاریجانییان رانەگەیاندووە، بەڵام دەستنووسێکیان بەناوی ئەوەوە بڵاوکردوەتەوە، گوایە هێشتا لە ژیاندایە.

کەمێک دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی لاریجانی لە لایەن وەزیری بەرگریی ئیسرائیلەوە، میدیای ئێران پەیامێکی نووسراویان بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو “شەهیدبوونی پاڵەوانانی هێزی دەریایی سوپای کۆماری ئیسلامی لە کەشتیی “دەنا” بەشێکە لەو فیداکارییانەی گەلی ئازای ئێران کە لە نێو جەرگەی ئەم ململانێیەدا دژی ستەمکارانی نێودەوڵەتی نیشانیان داوە… یادی ئەوان بۆ هەمیشە لە دڵی گەلی ئێراندا دەمێنێتەوە و ئەم شەهیدبوونانەش بنەماکانی سوپا لە نێو پێکهاتەی هێزە چەکدارەکاندا بۆ ساڵانێکی درێژ بەهێزتر و پتەوتر دەکەن”.

ئەم هەفتەیە دەیڤید کیس، وتەبێژی پێشووی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وێنەیەکی عەلی لاریجانی بڵاوکردەوە و نوسیبووی: ئامانجی داهاتووی ئیسرائیل کوشتنی لاریجانیە، هەر چەند ڕۆژێکی کەم دوای ئەو نوسینە، لاریجانی کوژرا.

Back to top button