بە فشاری ئەمریکا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات

بە نێوەندگیریی و فشاری ئەمریکا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕازیبوو هەناردەی نەوت لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دەستپێبکاتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیی لەنێوان (شاندی حکومەتی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی ئەمریکا) بەشێوەی ئۆنڵاین بەڕێوەچوو، سەرچاوەیەکی ئاگادار لەکۆبوونەوەکە تایبەت بە کورد مۆنیتەر ناوەڕۆکەکەی ئاشکراکرد و گوتی: شاندی ئەمریکا بە شاندی حکومەتی هەرێمیان ڕاگەیاندووە، لەم دۆخەدا پشتیوانیی لە حکومەتی عێراق دەکەن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت، هاوکات داواشیانکردووە ناکۆکییە یاساییەکانیان بۆ قۆناغی داهاتوو دوابخەن.

وەك ئەو سەرچاوەیە گوتی: شاندی هەرێمی کوردستان داوایانکردووە سیستمی ئەسیکۆدا لە دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان تا دوای ئاسایبوونەوەی ئەم دۆخە دوابخرێت، لە دواتریشدا شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بۆ گەیشتنە ڕێککەوتن لەبارەی جێبەجێکردنی سیستمەکە، سەرەتا شاندی حکومەتی عێراق ئەو داواکارییەیان ڕەتکردووەتەوە، بەڵام بە فشاری ئەمریکییەکان دواجار ڕازیبوون.

خاڵە سەرەکییەکانی رێککەوتنەکە:

دەستپێکردنی هەناردە: بڕیارە لە سبەینێوە (18ی ئازاری 2026) هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕە جیهانییەکان دەستپێبکاتەوە.

لیژنەی هاوبەش: لیژنەیەکی تەکنیکی و کارگێڕی لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان پێکدەهێنرێت بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆسەکە.

داهاتی نەوت: تەواوی داهاتی نەوتە هەناردەکراوەکە بۆ گەنجینەی گشتیی فیدراڵ دەگەڕێتەوە.

پاراستنی کێڵگەکان: هەردوولا رێککەوتوون لەسەر گرتنەبەری رێکاری تووندی ئاسایشی بۆ پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان و دڵنیابوون لە بەردەوامی هەناردەکردن.

Back to top button