
لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەمریکا دوای دۆناڵد ترەمپ، هەوڵێک لەپشت پەردەی شانۆی سیاسی ئەمریکاوە هەیە مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئێستا لە لایەن کۆمارییەکانەوە کاندید بکرێت و شوێنی جەی دی ڤان، جێگری ئێستای دۆناڵد ترەمپ بگرێتەوە.
تا ساڵی ڕابردوو ئاماژەکان بۆ ئەوە بوون جەی دی ڤانس، جێگری ئێستای ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان بێت بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2028، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، مارکۆ ڕۆبیۆ هاتووەتە پێشەوە و خۆی سەلماندووە، بەتایبەتی لە پرسی دەستگیرکردنی نیکۆڵاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و لە جەنگی ئێراند ڕۆڵی زۆری بینیوە.
کەناڵی ئەی بی سی نیوزی ئەمریکی دەڵێت: ترەمپ بە نهێنی لە کۆبوونەوەکاندا، بە باشە بای مارکۆ ڕۆبیۆ دەکات و دەڵێت لە مێژووی ئەمریکا وەزیری دەرەوەی وا زیرەک و لێهاتوو نەبووە.
دۆناڵد ترەمپ تا ئێستا بەفەرمی پشتگیری هیچ کام لە جەی دی ڤانس یان مارکۆ ڕۆبیۆی نەکردووە، ئەوەش بۆ ئەوەی دڵی هیچ کامیان لە خۆی نەکات، بەڵام بە گاڵتەوە لە شوێنان لە هاوڕێکانی دەپرسێ کامیان باشترە؛ مارکۆ یان جەی دی؟
گرووپێک لە خێرخوازە دەوڵەمەندەکانی پارتی کۆماری دەستیان کردووە بە گفتوگۆی نهێنی بۆ بەهێزکردنی پێگەی مارک ڕۆبیۆ و ئامادەکردنی زەمینە بۆ کاندیدکردنی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا. ئەم هەوڵە لەلایەن خێرخوازەکانەوەیە نەک خودی ڕۆبیۆ، چونکە هێشتا ڕۆبیۆ دەڵێت پشتگیری جەی دی ڤانس دەکات ئەگەر خۆی کاندید بکات.
خێرخوازە دەوڵەمەندەکانی ئەمریکا ئاواتیان جەنگە بەتایبەت لەگەڵ ئێراندا، بەهۆی ئەوەی مارک ڕۆبیۆ ڕقی لە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە و لەم شەڕەدا ڕۆڵی هەبووە پشتیوانی لێ دەکەن.
لەکاتێکدا جەی دی ڤانس لە واشنتن بوو، مارک ڕۆبیۆ لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی ماری لاگۆ لە تەنیشت ترەمپ دانیشتبوو. ئەم نزیکییە وای کردووە زۆرێک وا بزانن ڕۆبیۆ پشکی شێری لە داهاتووی سیاسی کۆمارییەکانی ئەمریکا دەبێت. هەندێک لە ڕاوێژکارانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ نیگەرانن لە پەیوەندییە نزیکەکانی جەی دی ڤانس لەگەڵ کەسایەتییە ڕەخنەگرەکانی وەک تاکەر کارڵسن، کە بەتوندی دژی جەنگی ئێران قسەی کردووە.
چالاکوانانی نزیک لە ترەمپ، ڕەخنەی توندیان لە جەی دی ڤانس گرتووە و دەڵێن: ئەگەر ڤانس خۆی لە تاکەر کارڵسن بێبەری نەکات، ئەوا مارک ڕۆبیۆ دەبێتە کاندیدی داهاتوو، بەڵام سەرەڕای ئەم هەوڵانە، جەی دی ڤانس هێشتا پێگەیەکی بەهێزی هەیە، جۆنیۆری کوڕی دۆناڵد ترەمپ کە هەموو سەروەت و سامانی باوکی لەدەستە پشتگیری دەکات، ملیاردێرەکانی وەک ئیلۆن مەسک و پیتەر سێڵیش پشتوانی دەکەن.
مارک ڕۆبیۆ لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ساڵی 2016ی پارتی کۆماری خۆی کاندید کرد تاوەکو ببێتە کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لێی بردەوە.





