شوێنگرەوە چاوەڕوانکراوەکەی لاریجانی؛ سەرۆکایەتی توندڕەوترین ڕەوتی ئێران دژی ئەمریکا دەکات

عەلی لاریجانی کوژرا، ڕژێمی ئیرانیش مەبەستیەتی بە زوویی شوێنگرەوەکەی دەستنیشان بکات، سەعید جەلیلی-ش بەهێزترین کاندیدە بۆ شوێنگرتنەوەی لاریجانی.

  • نوێنەری عەلی خامنەیی بووە لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی
  • فەرمانڕەوایەکی تەقلیدی نییە، بەڵکو یەکێکە لە سەرسەختترین ڕوخسارەکانی تەوژمی تووندڕەویی لە ئێران
  • دیدگایەکی توندی دژی ڕۆژئاوا هەیە و کەمتر مەیلی بۆ هەر کرانەوەیەکی سیاسی یان دانوستاندن هەیە

جێگرتنەوەی لاریجانی کارێکی ئاسان نابێت، چونکە ئەو بە گرنگترین بڕیاردەر دادەنرێت لە ئێران و بەپێی یاساکە، سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران کاندیدی ڕاوێژکاری نوێی ئاسایشی نەتەوەیی دەستنیشان دەکات.

سەعید جەلیلی کێیە؟

جەلیلی لە ساڵی 2008 ەوە بە نوێنەری ڕێبەری باڵا لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی دانراوە. ئەو تەنها بەرپرسێکی تەقلیدی نییە، بەڵکو یەکێکە لە ڕووخسارە هەرە خۆڕاگرەکانی ئێران لە باڵی توندڕەوەکان، تێڕوانینێکی توندی بەرامبەر ڕۆژئاوا هەیە و کەمتر مەیلی بۆ هەر کراوەیی سیاسی یان دانوستاندن هەیە.

پێشتر پۆستی ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی هەبووە و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەتۆمی بووە و ئێستا ئەندامی ئەنجوومەنی بەرژەوەندییەکانی ئێرانە.

جەلیلی لە ساڵی 1989 بە پەیوەندی کردن بە وەزارەتی دەرەوە دەستی بە کاری دیپلۆماسی کرد. پاشان ساڵی 1996 بوو بە سەرۆکی نووسینگەی پشکنین لە وەزارەتی دەرەوە . دوای ئەوە وەک یاریدەدەری یەکەم بۆ کاروباری ئەمریکا لە وەزارەتی دەرەوە کاری کردووە، دواتر لە نێوان ساڵانی 2001 و 2005 لە نووسینگەی ڕێبەری باڵا کاری کردووە.

دوای ئەوەی مەحمود ئەحمەدی نەژاد لە ئابی 2005 دا سەرۆکایەتی کۆماری ئێرانی گرتە دەست، جەلیلی وەک جێگری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ئەوروپا و ئەمریکا دەستنیشان کرا. ئەو تا تشرینی یەکەمی 2007 لەو پۆستەدا مایەوە. هەر لەو ماوەیەدا ڕاوێژکاری سەرۆک ئەحمەدی نەژاد بوو.

لە ئەیلولی 2007 دا جەلیلی سەرۆکایەتی تیمی دانوستانی ئەتۆمی ئێرانی لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا کرد. لە 28 ی تەمووزی 2008، عەلی خامنەیی ڕابەری باڵای ئێران وەک جێگری خۆی لە ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ناساندی.

کاتێک حەسەن ڕۆحانی لە 10 ی ئەیلولی 2013 هاتە سەر دەسەڵات، جەلیلی لەسەر کار لابرد و عەلی شەمخانی وەک سکرتێری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە جێگەی ئەو دەستنیشان کرد. دوای لەدەستدانی ئەم پۆستە، عەلی خامنەیی لە مانگی ئەیلولی 2013 وەک ئەندامی ئەنجوومەنی دەستنیشانکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران دیاریکرد.

لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێران لە ساڵی 2013 دا خۆی کاندید کرد و پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و هەروەها بەشداری هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2021 ی کرد، بەڵام پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنەکە لە بەرژەوەندی ئیبراهیم ڕەئیسی کشایەوە.

کەسێکی زۆر توندڕەوە

سی ئێن ئێن لە زاری ئارش عەزیزی، شیکەرەوە و نووسەر و مێژوونووسی ئێرانی لە زانکۆی ییل دەڵێت: “جەلیلی زۆر توندڕەوە و سەرکردەی توندڕەوترین بەرەی دژە ڕۆژئاوایە لە رژێمدا. ئەگەر ئەو پۆستەی پێبدرێت وەرچەرخانێکی توندە بەرەو سیاسەتی هەڵکشان لە ئێران، چونکە لاریجانی وەک کەسایەتییەکی میانڕەو و پراگماتیک تەماشا دەکرا.”

عەزیزی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: “لەم کاتەدا هەڵوێستی توندڕەوی لەوانەیە ببێتە خاڵێکی لاواز بۆ رژێم و توانای تێپەڕاندنی قەیرانەکانی نەبێت،” ئاماژەی بەوەشدا کە سوپای پاسداران “ئەمڕۆ زۆرینەی دەسەڵاتی راستەقینەی ئێرانی بەدەستەوەیە” بۆیە لەوانەیە کەسێکی “خاوەن ئەزموونی سەربازی زیاتری هەبێت و گونجاوتر بێت بۆ بارودۆخی ئێستا.”

ئەو کەسەی بۆ جێگرتنەوەی لاریجانی هەڵبژێردرێت ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە هەر دانوستانێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. عەزیزی گوتی: “لەبەر ئەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێستا ناوەندی سەرەکی هێزە لە ئێراندا، هەرکەسێک جێگەی لاریجانی بگرێتەوە لە ئەنجومەنەکەدا هاوسەنگی هێز دیاری دەکات و کاریگەری لەسەر هەڵوێستی رژێم بەرامبەر ئەمەریکا و ئیسرائیل دەبێت لە هەر دانوستانێکدا.”

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم-ی سەر بە دەوڵەت، دوای مردنی لاریجانی، جەلیلی پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا گوتی: “ئەم کارانە دوژمنی لاواز لەو زەلکاوەی کە تێیدا کەوتووە ڕزگار ناکات، بەڵکو شکست و شەرمەزارییان خێراتر دەکات”.

Back to top button