ئەلمۆنیتۆر: مەسرور بارزانی گوتویەتی لەپێناو سەرۆک ترەمپ ڕازی دەبم بە هەناردەکردنی نەوت

 

  • هەرێمی کوردستان چۆن دوای زنجیرەیەک راگەیەنراوی توند ڕازی بوو بە هەناردەکردنەوەی نەوت؟
  • بارزانی و تۆم باراک لە نیوە شەودا ڕێککەوت
  • سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەپێناو ترەمپدا ڕازی بووە بەهەناردەکردنەوەی نەوت

پێگەی “ئەلمۆنیتۆر”ی ئەمریكی راپۆرتێكی لەژێر ناونیشانی “هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ تورکیا، لەدوای بەڵێنی ئەمریکا بۆ دەستوەردان لەکێشەی دەروازە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان” بڵاوکردوەتەوە و تیایدا دیوی شاراوەی ڕێککەوتنی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ئاشکرادەکات و دەڵێت: رێككەوتنەکەی بەغداو هەولێر بە نێوەندگیری و بەشداریی ئەمریکا بووە، لەدوای هەفتەیەک لە چەقبەستوویی گفتوگۆکان، سەرئەنجام هەردوولا (بەغدا و هەولێر) لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت لەڕێگەی تورکیاوە ڕێککەوتن.

بەرپرسێکی باڵای کورد كە ئاگاداری وردەکارییەکانی رێککەوتنەکەیە بە ئەلمۆنیتەری گوتوو: درەنگانی شەوی سێشەممە لە نێوان تۆم بارک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئەنجامدراوەو ڕێککەوتنەکە بەرئەنجامی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە بووە.

وەك ئەلمۆنیتۆر دەڵێت “ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە پێش پەیوەندییەکی تەلەفونی دیکەی نێوان بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی بەغدا بووە، چونکە دواتر ئاماژەکانی ڕێککەوتن دەرکەوتن”.

بارزانی لە پەیوەندییە تەلەفونییەكەدا بە تۆم باراکی وتووە “ئەمە بۆ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ دەکات”، سەرچاوەی دووەم کە ئاگاداری وردەکاریی ئەو گفتوگۆیە بوو، ئەم بابەتە پشتڕاست کردەوەتەوە.

بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو پێگەی ئەمریکییەی گوتووە، حکومەتی هەرێم داوایکردووە دیپلۆماتکارانی ئەمریکی و بەرپرسانی گەنجینەی ئەمریکا بەشداری دانوستانەکانی داهاتووی نێوان بەغداو هەولێر بکەن سەبارەت بە پرسەکانی دابەشکردنی داهات کە پەیوەندییان بە بازرگانی دەرەکییەوە هەیە، تۆم باراکیش بەو داواکارییە ڕازی بووە.

بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا ترەمپ پەیوەندی بەمەسرور بارزانی و مەسعود بارزانیەوە بکات و سوپاسیان بكات بۆ هاوکارییەکانیان.

بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بەڵێنێکی گەورەی دیکەی لایەنی ئەمریکا کردووە بەڵام ئامادەنەبوو وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو.

هاوکات باس لەوەشکراوە، پاشەكشەی مەسرور بارزانی بەشێکی پەیوەندی بە کاردانەوەی زۆرینەی عەرەبی عێراقەوە هەبوو بەرامبەر بە كورد. پێدەچێت بڕیارەکەی بارزانی بۆ پاشەکشەکردن و ڕێگەدان بە بەکارهێنانی بۆری نەوتی کوردستان، بەشێکی بەهۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکانەوە بێت سەبارەت بە کاردانەوەی زۆرینەی عەرەبی عێراق.

وەك ئەلمۆنیتۆر دەڵێت، مەسرور بارزانی روبەڕوی دژایەتیی هاوبەشەکەی دیکەی بووەوە کە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە راگەیەندراوێکدا، بارزانی تۆمەتبار كرد بەوەی تاکلایەنە مامەڵەی کردوە.

بەغدا رەتیدەكاتەوە حکومەتی هەرێم کۆنترۆڵی سنورە وشکانییەکانی و فڕۆکەخانەکانی بەدەستەوە بمێنێت، هەروەها ئەو داهاتە گومرگییانەی لەوێ کۆدەکرێنەوە. حکومەتی هەرێم پێداگری لەسەر جێبەجێکردنی ئەو سیستەمە دەکات، بەمەرجێک داهاتەکانی وەربگرێت و پشکی خۆی بدات بە بەغدا. بەڵام بەرپرسانی عێراق رەتیدەکەنەوە پاشەکشە لە هەڵوێستیان بکەن. حکومەتی هەرێم پێی وایە ئەم هەڵوێستە پەیوەستە بە هەوڵە بەردەوامەکانی بەغدا بۆ سەرلەنوێ‌ سەپاندنەوەی دەسەڵاتی تەواوی خۆی بەسەر هەرێمی کوردستاندا، کە لە ڕووی دەستوورییەوە پێگەی فیدراڵی گەرەنتیکراوی هەیە.

 

Back to top button