داناگاز کارمەندەکانی لە کۆرمۆر کشاندەوە

کۆمپانیای داناگاز وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی سەرجەم کارمەندانی کێڵگەی کۆرمۆر لە هەرێمی کوردستان کشاندەوە.

بەگوتەی ئەو بەرپرسانەی کۆمپانیاکە کە بۆ ئەلمۆنیتۆر قسەیان کردووە دەڵێن، ئەم هەنگاوە دوای هەڕەشەکانی ئێران دێت بۆ هێرشکردنە سەر دامەزراوە نەوتی و گازییەکان لە ناوچەی کەنداو وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کێڵگە گازییەکەی پارسی باشوور.

لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی نیمچە فەرمی ئێران ڕۆژی چوارشەممە بڵاویکردەوە، دەسەڵاتدارانی ئێران ڕایانگەیاندووە، پێنج دامەزراوە لە سعودیە، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و قەتەر “لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەکرێنە ئامانج”.

دانەگاز سێ هەفتە لەمەوبەر و لە سەرەتای شەڕی ئێران ئۆپەراسیۆنەکانی ڕاگرت. کێڵگەی کۆرمۆر کە یەکێکە لە کێڵگە گەورەکانی گازی سروشتیی لە هەرێمی کوردستان، پێداویستی گازی شلی هەرێمی کوردستان دابین دەکات، چەندین جار لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە کراوەتە ئامانج.

کێڵگەی پارسی باشوور کە ئیسرائیل لەکاتژمێرەکانی ڕابردوودا کردویەتیە ئامانج، گەورەترین کێڵگەی گازی سروشتی جیهانە و لەگەڵ قەتەر هاوبەشە.

عێراق وەک یەکێک لەو وڵاتانەی کاریگەری هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێرانی لەسەرە، لەو کاتەوەی ئێران گەرووی هورمزی بۆ هاتوچۆی کەشتییەکان داخستووە، نەیتوانیوە نەوتەکەی هەناردە بکات.

نەوت 90%ی داهاتی عێراق پێکدەهێنێت. لەپێشهاتێکی نوێشدا بەغدا ڕۆژی سێشەممە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە ڕێککەوتن بۆ هەناردەکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە ڕێگەی بۆری نەوتی هەرێمی کوردستانەوە، کە لە کێڵگەکانی کەرکوکەوە و بە خاکی هەرێمی کوردستان دا دەگاتە تورکیا.

Back to top button