
- بەرپرسێکی باڵای واشنتۆن هەڕەشەی توندی لە میلیشیاکان کردووە
- سەرکردە شیعەکان داوایان لە دەسەڵاتی دادوەریی کردووە هەڵوێستی هەبێ
- فشارەکانی ئەمریکا میلیشیاکانی ناچارکرد هێرشەکانیان لەبەغدا ڕابگرن
سەرچاوەیەکی باڵا لە حکومەتی عێراق بۆ کورد مۆنیتەر ئاشکرایکرد، شەوی دووشەممە لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکاوە، بەرپرسێکی باڵای ئیدارەکەی ترەمپ تەلەفۆن بۆ ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای عێراق دەکات و دەڵێت؛ ئەمریکا گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی زمانی هۆشداریی لەگەڵ میلیشیا شیعەکان سودی نەماوە، بەرپرسانی عێراقیش داوا دەکەن ئەمریکا هیچ کاردانەوەیەکی نەبێت و ئەوان کێشەکە چارەسەر دەکەن.
ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر ئاماژەی بەوەدا، هەر لەدوای پەیامەکەی ئەمریکا سەرکردە شیعەکان کۆبوونەتەوە و داوایان لە فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق کردووە، لەڕووی دادوەرییەوە هەڵوێستی خۆی لەسەر هێرشەکان ڕابگەیەنێت، هەربۆیە لە ڕاگەیەنراوێکدا گوتی: هێرشکردنەسەر نێردە دیبلۆماتییەکان لە عێراق، تا لەسێدارەدان سزاکەیەتی.
تا ڕۆژی دووشەممە و گەیشتنی پەیامەکەی ئەمریکا، میلیشیا شیعەکان بەردەوام فشاریان دەکردەسەر بەرپرسانی عێراق، بۆئەوەی هەڵوێستیان بەرامبەر چالاکیەکانیان دژی ئەمریکا نەبێت، بەڵام وەك ئەو بەرپرسە عێراقیە گوتی: لەدوای ئەوەی فایەق زێدان هاتووەتەسەر خەت، ئیتر میلیشیاکان تێگەیشتن لەوەی پرسەکە ئاڵۆز و جدییە، چونکە لای ئەمریکا فایەق زێدان بە کەسێکی نزیک لە ئێران ناسراوە، ئێستا کە ناوبراو دژی چالاکی میلیشیاکان قسەدەکات، نیشانەی ئەوەیە گۆڕانکاریی لە هەڵوێستیدا ڕوویداوە، هەر بۆیە حزبوڵڵای عێراق بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ چالاکیەکانی دژی ئەمریکا ڕاگرتووە.
لەبارەی ناوەڕۆکی پەیامەکەی ئەمریکا بۆ سەرکردە عێراقیەکان ئەو سەرچاوەیە ئاشکرایکرد: پەیامەکە بە روونی ئەوەبوو کە عێراق بە فەرمی دەبێتە گۆڕەپانێکی نوێی جەنگ، ئەگەر لە ڕابردوودا بە فشاری ئەمریکا رێگە بە ئیسرائیل نەدرابێت چالاکیی لە عێراق بکات، ئەوا لەمەودوا واشنتۆن هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان دەستکراوە دەکات.





