
- ئەگەر ئەمریکا دەستبەرداری ئۆکرانیا ببێت، ڕووسیا ئامادەیی نیشانداوە دەستبەرداری ئێران ببێت
- واشنتۆن ئەو پێشنیازەی ڕووسیای ڕەتکردوەتەوە
پێگەی پۆلیتیکۆی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی نوێیدا دەڵێت، ڕووسیا پێشنیازێکی پێشکەشی ئەمریکا کردووە کە تێیدا ئامادەیی نیشانداوە، هاوکارییە هەواڵگرییەکانی بۆ ئێران رابگرێ، ئەگەر لە بەرامبەردا واشنتۆن هاوکارییە هەواڵگرییەکانی بۆ ئۆکرانیا رابگرێ، بەڵام واشنتن پێشنیازەکەی رەتکردووەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە، هەفتەی رابردوو لە شاری مەیامی ویلایەتی فلۆریدا، کیریل دیمیتریڤ، نێردەی کرێملین، ئەم پێشنیازەی پێشکەشی ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، نێردە تایبەتەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە.
پۆلیتیکۆ دەڵێ، ئەم جۆرە پێشنیازانە گومانی وڵاتانی ئەورووپای زیاتر کردووە کە مەبەست لە کۆبوونەوەکانی نێوان نێردەکانی ئەمریکا و رووسیا دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتی نییە بۆ ئۆکرانیا، بەڵکو هەوڵێکە بۆ رێککەوتنی دووقۆڵی کە تێیدا هاوبەشە ئەورووپییەکان پەراوێز دەخرێن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە گۆڤارەکەی راگەیاندووە، ڕووسیا چەند پێشنیازێکی دیکەی پەیوەست بە ئێرانیشی خستووەتەڕوو، لەوانە گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ رووسیا، بەڵام واشنتۆن ئەوەشی رەتکردووەتەوە. هەر دوای بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە، کیریل دیمیتریڤ لە تۆڕی ئێکس هەواڵەکەی رەتکردەوە و بە “ناڕاست” ناویبرد.
بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا، مۆسکۆ لە دوای هێرشە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران لە 28ی شوباتی رابردوو، هەماهەنگییە هەواڵگری و سەربازییەکانی لەگەڵ ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر کردووە.
رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ”یش بڵاویکردەوە، ڕووسیا وێنەی مانگی دەستکرد و تەکنەلۆژیای درۆنی داوەتە ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا، بەڵام کرێملین ئەم راپۆرتانەی بە “هەواڵی ساختە” ناوبرد.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە، دۆناڵد ترەمپ رۆژی هەینی هێرشی تووندی کردە سەر ئەندامانی ناتۆ، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئامادە نین کەشتیی جەنگی بۆ گەروی هورمز بنێرن بە مەبەستی کردنەوەی رێڕەوەکە. ترەمپ لە ترووس سۆشیەڵ نووسی: “ئەوان (سەرکردەی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ) سکاڵای بەرزی نرخی نەوت دەکەن، بەڵام نایانەوێ هاوکار بن لە کردنەوەی گەروی هورمز… ئەوان ترسنۆکن و ئەمەمان لەیاد دەمێنێت!”
سەبارەت بە هاوکارییەکانی ئۆکرانیاش، ئەگەرچی ئیدارەی ترەمپ هەندێک جۆری هاوکاریی کەم کردووەتەوە، بەڵام پێدانی زانیاریی هەواڵگری بە کیێڤ بەردەوامە.
دیپلۆماتێکی ئەورووپی ئاماژەی بەوە کردووە، ئێستا فەرەنسا رۆڵێکی گەورە دەگێڕێت و پاریس “دوو لەسەر سێی” زانیارییە هەواڵگرییە سەربازییەکانی ئۆکرانیا دابین دەکات.





