ئەگەر ترەمپ لە ئێران بدۆڕێت چی ڕوودەدات؟

 

ترەمپ پیاوێکە شکست ناناسێت، یاخود نایەوێت تامی شکست بکات، بەڵام مێژووی کارکردنی لە سەرۆکایەتی ئەمریکا چەندین نمونەی شکستی تۆمارکردووە، کە خۆی و ئیدارەکەی بەشێوەیەکی دیکە ڕووماڵی شکستەکەیان کردووە، یاخود وەك دەگوترێت: قەیرانیان بە قەیرانێکی دیکە چارەسەر کردووە. وەكچۆن ڕژێمی ئێران لەبەردەم جەنگێکی مان و نەماندایە، هەروەکچۆن ئیسرائیل دەڵێت جەنگێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ بوونی جولەکە، بەهەمانشێوەش ئەم جەنگە بۆ ئەمریکا یەکلاکەرەوەیە، بەتایبەت کە هێشتا سێ ساڵی دیکە لە تەمەنی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی ماوە.

سوزانا نوسێل لە گۆڤاری فۆرین پۆڵسی-ی ئەمریکیدا ئارگیۆمێنتێکی لەبارەی ئایندەی جەنگی ئێران و ئەگەری دۆڕانی ترەمپ لەو جەنگەدا خستووەتە ڕوو. سوزانا دەڵێت: دۆناڵد ترەمپ حەزی لە دۆڕان نییە. لەگەڵ ئەوەی چانسی سەرکەوتنیشی لە شەڕی دژی ئێراندا تادێت کەم دەبێتەوە، ڕەنگە جیهان بەم زووانە ڕووبەڕووی سەرۆکێکی ناجێگیر لە دووڕیانی سیاسەتی دەرەوە ببێتەوە، کە بە تەواوی لە ژێر کۆنترۆڵی ئەو دەرچووە. ڕەنگە ترەمپ کارەساتێک بنێتەوە کە لەلایەن شیکارە جیۆپۆلیتیکییەکانەوە ستایشی دەکرێت و وەک پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا پاساوی بۆ دەهێندرێتەوە. لەگەڵ ئەوەی ترەمپ خۆی لە گۆشەیەکی توندتردا دەبینێتەوە، کاتی ئەوە هاتووە پێشبینی ئەوە بکەین کە چ کاردانەوەیەکی دەبێت بەرامبەر بە تارمایی شکست لە ئێران؟ ئاخۆ وەڵامی ترەمپ بۆ ئەو تارماییەی شکست تا چەند مەترسیدار دەبێت”.

سوزانا نوسێل لە درێژەی نوسینەکەیدا باسی لەوەکردووە “پێدەچێت ئاڵنگارییەکانی شەڕی ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بێت. لە کاتێکدا سوپای ئەمریکا کە بە هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی ئیسرائیل کاردەکات، تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو بووە لە لەناوبردنی تواناکانی بەرگری ئاسمانی، دەریایی و بالیستیکی ئێران، بەڵام سیستەمی سیاسی ئێران و سەرچاوەکانی ئابووری زۆر کەمتر زەبریان بەرکەوتووە. هەروەها بابەتی مانەوەی یۆرانیۆم و توانا ئەتۆمییەکانی ئێران هەر ماوە- باسی ئەو مەترسییە ناکەم کە تاران لەو ململانێیە دەربچێت کە بە چەکی ئەتۆمی بەرگریی لە خۆی بکات”.

ئەو نوسەرە نمونەی شکستەکانی ترەمپ لە 10 ساڵی رابردوو باس دەکات و دیارترینیان لەلای ئەو دۆڕانی ترەمپە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2020, کە لە کاردانەوەی دۆڕانەکەدا لایەنگرەکانی ترەمپ هێرشیانکردەسەر کۆنگرێسی ئەمریکا، ڕووداوێک کە ئەمریکییەکان و سیستمە دیموکراتیەکەیانی تووشی شۆککرد.

ئەگەر ترەمپ لەجەنگی ئێران بدۆڕێت سوزانا پێیوایە تەنها کاریگەریی لەسەر ناوبانگی ترەمپ لە سێ ساڵی داهاتوو نابێت، بەڵکو لەسەر هەژموونی ئەمریکا لە جیهاندا کاریگەریی جێدەهێڵێت، بەڵام ئەوەی ئێستا بۆ ئەمریکییەکان بووەتە کێشە گوێنەگرتنی ترەمپە لەو ئاڵنگارییانەی بۆ بژاردەکانی دەخرێنەڕوو، ترەمپ دەیەوێت هێزی زەمینی بۆ دەرهێنانی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە خاکی ئێران بنێرێتە ئەو وڵاتە، بەڵام بەرپرسانی سەربازیی وڵاتەکەی پێیان گووتووە ئەو بژاردەیە سەرکێشی گەورەی تێدایە و ئەگەری سەرکەوتن تیایدا لاوازە.

سوزانا باس لە ئەزموونی ترەمپ لەگەڵ ئەندامانی ئیدارەکەی دەکات بە تایبەت ئەوانەی ڕەخنە لە بڕیارەکانی دەگرن و پێیوایە، تیمەکەی کەمتر ڕەخنەی لێدەگرن چونکە هێشتا ترەمپ سێ ساڵی لە سەرۆکایەتی ئەمریکا لەبەردەستدا ماوە، بۆیە ئەوان دەترسن هەڵوێستەکانیان ببێتە هۆی دورخستنەوەیان لە پۆستەکانیان.

بەهۆی ئەوەی ترەمپ قبووڵی ناکات لە ئێران شکستبهێنێت، سوزانا نوسێل پێیوایە سەرۆکی ئەمریکا ئەگەر ناچار بێت پەنا بۆ بەکارهێنانی چەکی نا تەقلیدیش دەبات (مەبەستی چەکی ئەتۆمییە).

Back to top button