زیانەکانی عێراق بەهۆی جەنگی ئێرانەوە زیاتر لە حەوت ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە

 

  • ڕۆژانە عێراق 340 ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە
  • هەناردەی رۆژانەی نەوت لە کەرکووکەوە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار داهاتی دەبێت
  • بەر لە جەنگ، عێراق رۆژانە 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەکرد

عێراق ڕۆژانێکی قورس لەڕووی ئابوورییەوە بەڕێدەکات، جەنگەکە لە ئێرانە، بەڵام لێکەوتە ئابوورییە قورسەکانی لە عێراقە. لەم دۆخانەشدا سیاسەتی ئابووریی پشتبەستوو بە تاکە سەرچاوەیەک بۆ داهات، ڕوونتر شکستی حوکمڕانیی لە عێراق نیشاندەدات.

لە 5 رۆژی هەناردەی نەوتی کەرکووک لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، رۆژانە تێکڕا 250 هەزار بەرمیل هەناردە کراوە. نەوتی بەسرە بۆ قەرەبووی نەوتی کەرکووک بۆ پاڵاوگەی بێجی دەنێردرێت. بەلام بە گوتەی رێکخراوی ئیکۆ عێراق، داخستنی گەوروی هورمز بە نرخی ئێستای نەوت، رۆژانە زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلار زیان بە عێراق دەگەیەنێت، لەکاتێکدا هەناردەی رۆژانەی نەوت لە کەرکووکەوە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار داهاتی دەبێت.

نەوتی کەرکووک لە کێڵگەکانی بای حەسەن، خەباز، جەمبوور و کەرکووک بەرهەم دەهێندرێت، کە رۆژانە زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل دەبێت. بەشێکی دەنێردرێت بۆ پاڵاوگەی بێجی، 10 بۆ 15 هەزار بەرمیلی بە تەنکەر هەناردەی ئوردن دەکرێت، ئەوی دیکەشی پێش دەستپێکردنەوەی هەناردە لە رێگەی تورکیاوە، لە کۆگاکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور هەڵدەگیرا.

بەگوێرەی راپۆرتی خەرجی و داهاتی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ ساڵی رابردوو، داهات 124.1 تریلیۆن دینار بووە کە 88%ى داهاتی نەوت بووە. بەڵام عێراق جگە لە نەوت، هیچ سەرچاوەیەکی سەرەکی دیکەی نیە بۆ دەستکەوتنی داهات.

ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوتی برێنت 107 دۆلار بوو، لەکاتێکدا پێش دەستپێکردنی جەنگ لە 27ـی شوبات، نرخی نەوتی تێکساس تەنیا 67.02 دۆلار بوو. بەر لە جەنگ، داهاتی عێراق لە هەناردەی نەوتی خاو و چڕکراوە گازییەکان دەگەیشتە 200 ملیۆن دۆلار.

ئەو نەوتەی کەرکووک کە لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی تورکیا دەکرێ، 6%ى ئەو نەوتەیە کە بەر لە جەنگ عێراق هەناردەی دەکرد و داهاتی رۆژانەی نزیکەی 25 ملیۆن دۆلارە.

 

Back to top button