قالیباف ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێرانە کە ئەمریکا قسەی لەگەڵدا کردووە

  • هەوڵی کۆبوونەوەی باڵای ئەمریکا و ئێران هەیە
  • محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئەو بەرپرسە باڵایەیە کە ئەمریکا قسەی لەگەڵ کردووە

بەرپرسێکی ئیسرائیلی بە پێگەی ئەکسیۆسی گوتووە، ئەو کەسەی جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف لە ئێران قسەی لەگەڵ دەکەن، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانە.

ئەو بەرپرسە ئیسرائیلیە گوتوشیەتی: لەوانەیە ئەمریکا و ئێران لە ئیسلامئابادی پاکستان کۆببنەوە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا.

ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران “پەرۆشی رێککەوتنە” و ئەوەشی ئاشکرا کرد، لەوانەیە “لە پێنج رۆژدا، یاخود کەمتریش، لەگەڵ ئێران رێکبکەون.”

میدیاکانی ئێران رەتیان کردەوە کە وڵاتەکەیان لەگەڵ ئەمریکا لە گفتوگۆدا بێت، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ قسەکانی سەرۆکی ئەمریکا کە رایگەیاند، لە گفتوگۆدان لەگەڵ ئێران. ترەمپیش لە میدیای وڵاتەکەیەوە وەڵامی میدیاکانی ئێرانی دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد، نازانێ میدیاکانی ئێران باسی چی دەکەن، “چونکە تازە گفتوگۆ لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە، لەڕاستیدا شەوی رابردوو ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر لەگەڵ هاوتاکانیان گفتوگۆیان کردووە.”

ترەمپ بە “تۆڕی فۆکس بزنس”ی ئەمریکی گوت، گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران بەردەوامن، پێنج رۆژ هێرشەکانیان بۆسەر وێستگەکانی کارەبا و وزەی ئێران رادەگرن، لەوانەیە لەو ماوەیەشدا یان کەمتر رێککەوتن لەگەڵ ئێران بکەن.

Back to top button