
بەرپرسێکی ئیسرائیلی دەڵێت، هێشتا زووە بزانرێت ئایا سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت کۆتایی بە جەنگ لەگەڵ ئێران بهێنێت یاخود نا.
ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە کە قسەی بۆ “دەستەی پەخشی ئیسرائیل” کردووە دەڵێت: لێدوانەکانی ترەمپ لەبارەی دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ ئێران و گەیشتنە ڕێککەوتن سوپرایز بوو”.
ترەمپ ئەمڕۆ بە لێدوانێک ناوەندی سیاسی و ڕاگەیاندنەکانی تووشی سەرسوڕمان کرد، چونکە ئەو ماوەی 48 کاتژمێری بۆ ئێرانییەکان دیاریکردبوو، ئەگەر گەروی هورمز نەکەنەوە، ئەوا هێرشدەکاتەسەر ژێرخانی وزەی ئێران، بەڵام ترەمپ ئەمڕۆ گوتی کارەکان لەگەڵ ئێران “زۆر بە باشی بەڕێوەدەچن،” ئەمەش تەنیا کەمێک دوای ئەوە هات کە دەستپێکردنی دانوستاندنەکانی لەگەڵ تاران و راگرتنی هێرشەکانی بۆ سەر وێستگەکانی کارەبای ئەو وڵاتە بۆ ماوەی 5 رۆژ راگەیاند.
ترەمپ لە لێدوانێکی کورتدا لە رێگەی تەلەفۆنەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت، “کارەکان زۆر بەباشی بەڕێوەدەچن.” گوتیشی، “ئێران زۆر پەرۆشی رێککەوتنە و لەوانەیە لە 5 رۆژ یان کەمتردا رێککەوین.”
لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکدا بوو سەبارەت بە دۆخی ئێران، کە راستەوخۆ دوای پۆستێکی ترەمپ هات لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ سەبارەت بە دەستپێکردنی دانوستاندنەکان، کە دەستبەجێ بووە هۆی دابەزینی خێرای نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.
ترەمپ هەروەها گوتیشی: ئەمریکا لەگەڵ سەرکردەیەکی “رێزلێگیراو” و”هەرە باڵای” ئێران لە گفتوگۆدایە و باسی لەوە کرد، تاران پەرۆشی رێککەوتنە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە.





