
تایبەت – کورد مۆنیتەر
ئەوان نازانن چی روودەدات، بەڵام قوربانی یەکەمی جەگەکەن، بەرپرسی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرای دەکات، ئەوەی لە لوبنان ڕوودەدات تەنها جەنگ نییە، بەڵکو سڕینەوەی نەوەیەکی تەواوە.
ئامارەکان دەگرین، کوژرانی 87 منداڵ لە ڕۆژێکدا
ئەمڕۆ، پێگەی فەرمی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، تێد شێبان، بەرپرسی باڵای رێکخراوەکەیان کە تازە لە بەیروت گەڕاوەتەوە، پەردەی لەسەر ڕاستییەکی تاڵ هەڵدەماڵێت، بەپێی ئەو داتایانەی کۆیکردونەتەوە، لە سەرەتای پەرەسەندنی گرژییەکانەوە 118 منداڵ کوژراون و 372ـی تریش بریندار بوون.
شێبان دەڵێت: ئەگەر ئەم ژمارانە کۆبکەینەوە، دەبینین ڕۆژانە بەقەدەر ژمارەی خوێندکارانی پۆلێکی تەواو، منداڵ دەکوژرێن یان بریندار دەبن.
ئەو کە لە نزیکەوە لە دۆخەکەی کۆڵیوەتەوە باس لەوەدەکات، دۆخی پەروەردە لە لوبنان گەیشتووەتە بنبەست، زیاتر لە 350 قوتابخانەی حکومی ئێستا وەک پەناگە بۆ ئاوارەکان بەکاردەهێنرێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی 100 هەزار خوێندکار لە مافی خوێندن بێبەش بن.
شێبان وێنای رەوشی کەرتی خوێندنی ئێستای لوبنان لەژێر ئاگری جەنگدا دەکات و دەڵێت: قوتابخانەکان کە بڕیار بوو شوێنی هیوا بن، ئێستا تەنها دیوارێکن بۆ پاراستنی خێزانەکان لە بۆردومان.
کارەساتێکی مرۆیی لە لێواری تەقینەوەدا:
تێد شێبان رایدەگەیەنێت، زیاتر لە ملیۆنێک کەس لە لوبنان ئاوارە بوون، کە 400 هەزاریان منداڵن، نەتەوە یەکگرتووەکان پێویستی بە 308 ملیۆن دۆلارە، بەڵام تا ئێستا تەنها 15%ـی دابین کراوە.
دەشڵێت: سیستەمی تەندروستی لە لێواری داڕماندایە و نەخۆشخانەکان ناتوانن وەڵامی هەموو بریندارەکان بدەنەوە.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا، شێبان پەیامێکی توندی ئاڕاستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و داوای سێ هەنگاوی کرد:
یەکەم: ڕاگرتنی دەستبەجێی شەڕ و پاراستنی مەدەنییەکان.
دووەم: کردنەوەی ڕێگای ئارام بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان.
سێیەم: پشتگیری دارایی بەپەلە بۆ ئەوەی یۆنیسێف بتوانێت ژیانی منداڵان ڕزگار بکات.





