
بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر هێزێکی پێشمەرگە لە لۆفەکانی سپیلک لە قەزای خەلیفانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر، بەگوێرەی ئاماری سەرەتایی، شەش شەهید هەن.
کورد مۆنیتەر لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار زانیاریی ئەوەی دەستکەوتووە هێرشەکە بە زیاتر لە شەش مووشەک و ژمارەیەک درۆن ئەنجامدراوە، هاوکات کورد مۆنیتەر ئاماری سەرەتایی دەستکەورتووە، کە لە هێرشەکەدا شەش پێشمەرگە شەهید بوون و 20 بۆ 25ـی دیکە بریندارن.
وەك ئەو سەرچاوەیەی کورد مۆنیتەر گوتی: فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە ئاسمانی ئیدارەی سۆران بەشێک لە مووشەک و درۆنەکانیان خستە خوارەوە، بەشەکەی دیکەش ئەوەبووە کە گەیشتووەتە بنکەکانی پێشمەرگە و ئەو زیانە گەورەیەی لە هێزەکەی پێشمەرگە داوە.
لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دژی ئێران، هەرێمی کوردستان بە زیاتر لە 400 درۆن و مووشەک بۆردوومان کراوە، لەو ژمارەیە بەشێکیان دژی هێزەکانی پێشمەرگە بوون، بەڵام ئەمە یەکەمجارە هێرشێکی لەمشێوە مەترسیدارە بکرێتەسەر هێزی پێشمەرگە.
ناوی شەش پێشمەرگە شەهیدەکان:
– رێبەر عەبدوڵڵا
– زکری بێخشاشی
– رامین عادل
– شەهاب بێخشاشی
– کەیوان موزەفەر
– پشتیوان مەلا موسا





