
ناوچەکە پەرەسەندنی سەربازیی خێرا بەخۆیەوە دەبینێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشکردنەسەر ژێرخانی وزەی ئێرانی بۆ پێنج ڕۆژ دواخستووە، بەهیوای ئەوەی لەگەڵ تاران بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە؛ ڕێککەوتن دەکرێت یاخود بازنەی شەڕەکە فراوان دەبێت؟
ئەوەی ئەمرۆ ئەمڕۆ لە عێراق ڕوودەدات، ڕەنگدانەوەیەکی ڕوونی چوونە ناوەوەی عێراقە بۆ ناو جەرگەی ئەو ململانێیەی کە لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە، بەجۆرێک عێراق بووەتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی حسابات لە نێوان ئەم لایەنانەدا.
ئەم واقیعە کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخی ناوخۆی عێراق دەبێت، چ لە ڕووی ئاسایش و سەقامگیرییەوە، یان لە ڕێگەی هەڵکشانی گرژیی نێوان هێزە سیاسییەکان، کە لە نێوان لایەنگریی بۆ ئێران و دژایەتی و تێوەگلانی عێراق لەم ململانێیەدا دابەشبوون.
شارەزایانی سەربازیی دەڵێن، بەئامانجگرتنی بارەگا سەربازییەکان، وەک بارەگای دەزگای هەواڵگری عێراق و بارەگاکانی حەشدی شەعبی، پەیامن کە ئاراستەی شەقامی عێراقی دەکەن و هاووڵاتیان دەخەنە ناو حاڵەتێکی سەرلێشێواوی و دڵەڕاوکێوە، هەروەها بەزاندنی ئاسمانی عێراق لەلایەن فڕۆکە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکانەوە، لەگەڵ جموجۆڵی گروپە چەکدارەکان، لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت لەسەر تەواوی عێراق.
کورد مۆنیتەر لەزاری بەرپرسێکی باڵای عێراقەوە زانیاریی ئەوەی دەستکەوتووە، لەکاتژمێرەکانی داهاتوودا چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجامدەدات، بۆ تاوتوێکردنی دۆخی عێراق بەتایبەت هێرشەکەی ئەمریکا بۆسەر حەبانییە، کەبووە هۆی کوژرانی 15 چەکداری حەشدی شەعبی.
ئەو بەرپرسە باڵایەی عێراق بە کورد مۆنیتەری گوت: بۆچوونێکی بەهێز دروستبووە کە داوا لە خەڵک بکرێت لە سەرجەم شارەکانی عێراقەوە بۆ پشتیوانیی لە حەشدی شەعبی بڕژێنە سەر شەقامەکان، لە کۆبوونەوەکەدا ڕەزامەندیی سەرجەم سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ ئەو پرسە وەردەگیرێت.
دوای ئەو پێنج ڕۆژ مۆڵەتە بە ئاشکرا ڕوون دەبێتەوە کە ئاخۆ دانوستان دەکرێت و جەنگ کۆتایی دێت، یاخود ئاگری شەڕ ناوچەکە بە تەواوی دەسوتێنێت. ئێران بە ناردنی ژمارەیەک مووشەکی بالیستی بۆ دیمۆنا پەیامی ئەوەی بە ئیسرائیل دا، کە دەتوانێت بنکە ئەتۆمییەکانی بکاتە ئامانج، ئەمریکاش بە نزیکبوونەوەی سەربازەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پەیامی ئەوەی بە ئێران داوە، دەتوانێت سەرباز بنێرێتە سەر دورگەی خارگ.
ناوچەکە لەبەردەم پەرەسەندنی خێرا و یەک لەدوای یەکدای،ە لە سایەی نەبوونی هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چارەسەر یان ئاماژەی ڕاستەقینە بۆ کۆتاییهاتنی جەنگ بە زوویی. هەرچەندە هەندێک وڵات باس لە بوونی پەیوەندی ناڕاستەوخۆ و گۆڕینەوەی پەیام دەکەن، بەڵام ئەم هەوڵانە هێشتا تەمومژاوییە و دوورە لەوەی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ڕێڕەوی شەڕەکە هەبێت لە قۆناغی ئێستادا.





