ئێران هەناردەکردنی گازی سروشتیی بۆ تورکیا ڕاگرت

 

دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کێڵگەی گازی فارس و هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی تاران لە سەرانسەری کەنداو، ئێران بڕیاریداوە هەناردەکردنی گازی سروشتیی بۆ تورکیا ڕابگرێت.

ئاژانسی بلومبێرگ لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، ئێران هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ تورکیا ڕاگرتووە، هێشتا بەرپرسانی تورکیا بێدەنگییان هەڵبژاردووە و ئامادە نین هەواڵەکە پشتڕاست بکەنەوە.

تورکیا لە ساڵی ڕابردوودا نزیکەی 14٪ـی گازی خۆی لە ئێرانەوە هەناردەکردووە. لەگەڵ ئەوەی ئەنقەرە بەردەوامە لە وەرگرتنی گاز لە ڕووسیا و ئازەربایجان، هەروەها دەتوانێت پەنا بۆ کۆگاکانی ئێستای ببات بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی.

کێڵگەی فارس کە ئیسرائیل هێرشیکردەسەر، سەرچاوەی دابینکردنی گازی تورکیا بوو، قەبارەی یەدەگەکەی نزیکەی 1,800 تریلیۆن پێی سێجا (51 تریلیۆن مەتر سێجا) گازە، کە بەشی پێداویستیی هەموو جیهان بۆ ماوەی 13 ساڵ دەکات. هاوکات گەورەترین سەرچاوەی وزەی ناوخۆییە و 70٪ـی پێداویستییەکانی ئێران دابین دەکات، لەوانە شارەکان، کارگەکانی پێترۆکیمیایی و وێستگەکانی کارەبا.

ئەگەر ئێران هەناردەکردنی گاز بۆ ئەنقەرە رابگرێت چی ڕوودەدات؟

بەپێی داتا و زانیارییەکانی دامەزراوەی ڕێکخستنی بازاڕی وزەی تورکیا، تورکیا ساڵانە نزیکەی 13٪ـی پێداویستییەکانی گازی خۆی لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، کە دەکاتە نزیکەی 7 ملیار مەتر سێجا.

هەرچەندە ئەم بڕە گرنگە، بەڵام تورکیا لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی داوە سەرچاوەکانی دابینکردنی وزە هەمەجۆر بکات (وەک گازی شل و زیادکردنی هاوردە لە ئازەربایجان و ڕووسیا) تا لە کاتی قەیرانی لەم شێوەیەدا کەمتر زیانی پێ بگات.

هەندێک لە شرۆڤەکاران پرسیاری ئەوە دەکەن ئایا لەمەودوا ئەنقەرە بەدوای سەرچاوەی دیکەی دابینکردنی گازی سروشتییەوە دەبێت، ئەگەر گازی ئێران ببڕدرێت، لە کاتێکدا بازاڕە جیهانییەکان لە ململانێدان بۆ دەستەبەرکردنی سەرچاوەکان و هەڵسەنگاندنی بژاردەکانی گازی سروشتیی شل

ئۆڵجای ئایدلەک، ڕۆژنامەنووسی تورک کە شارەزای کاروباری وزەیە، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێران پێشتر و لە ڕۆژی چوارشەممەوە بڕی ئەو گازەی بۆ تورکیای دەنارد کەمی کردووەتەوە، ئەو ڕۆژنامەنووسە بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی ڕایگەیاندووە کە هەناردەکە لە 30-31 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژی سێشەممەوە، بۆ 7-8 ملیۆن مەتر سێجا لە ڕۆژی چوارشەممەدا دابەزیوە، ئەوەش لەکاتێکدایە بەکاربردنی گازی ڕۆژانەی تورکیا نزیکەی 180 ملیۆن مەتر سێجایە.

موحدان ساغڵام، شرۆڤەکار لە پەیمانگای توێژینەوەی سیاسەتی ئابووری تورکیا (TEPAV) لە ئەنقەرە، بە میدڵ ئیست ئای ڕاگەیاندووە، ئەنقەرە ڕێگەی دیکەی هەیە بۆ دابینکردنی گاز، لەوانەش ڕووسیا.

ساغڵام ئاماژەی بەوەش کردووە کە تورکیا خاوەنی کۆگای گەورەی گازی سروشتییە، لەوانە کۆگاکانی دەریاچەی خوێ (Salt Lake) و سیلیڤری (Silivri)، کە پێکەوە توانای کۆگاكردنی 6.3 ملیار مەتر سێجا گازیان هەیە.

 

Back to top button