
هەموو جیهان چاوەڕێبوون مۆڵەتە 48 کاتژمێرییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێران تەواو ببێت و ئەوکاتە ئەگەر گەروی هورمز نەکرایەوە بە ڕووی هاتووچۆی کەشتییەکاندا، ئەوا ئەمریکا ژێرخانی کارەبای ئێران بکاتە ئامانج، بەڵام تەلەفۆنێک لە تارانەوە بۆ واشنتۆن، هەموو چاوڕوانییەکانی گۆڕی.
ڕۆژنامەی “یەدیعۆت ئەحرۆنۆت” لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە ڕەوتی شەڕی ئێران دادەنرێت، پەیوەندییەکە لە مۆبایلێکی ئاسایی لە تارانەوە بۆ مۆبایلێکی دیکە لە ئەمریکا چووە. ئەوکاتەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران تەلەفۆنی بۆ ستیڤ ویتکۆڤ، نێردەی ترەمپ لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران کردووە، جارید کۆشنەر، زاوا و ڕاوێژکاری ترەمپ لەهەمان ژوورەکەی ویتکۆف بووە.
دوای ئەو تەلەفۆنە، ترەمپ هێرشی سەر وێستگەکانی کارەبای ئێرانی بۆ پێنج ڕۆژ دواخست، دواتر وردە وردە ئاماژەکانی گۆڕانکاریی لە ڕەوتی شەڕەکە ڕوویدا، چونکە سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بە هەوڵێکی گەورە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران کرد. ئیسرائیل تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی فەرمی لە واشنتۆنەوە دەربارەی ئەو تەلەفۆنەی عەباس عێراقچی پێنەگەیشتووە. پێدەچێت هۆکارەکەی بۆ ئەزموونێکی پێشووی ویتکۆف بگەڕێتەوە کە بە “تاڵ” وەسف کراوە، کاتێک نێردراوەکەی خۆی (ئادەم بۆلەر)ی ناردبوو بۆ دانوستان لەگەڵ حەماس و وردەکارییەکان خێرا بۆ میدیاکان دزەیان کردبوو.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ترەمپ بوونی کەناڵێکی پەیوەندیی نهێنی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاندووە، کە تەنها ژمارەیەکی کەم لەناو ئیدارەکەیدا ئاگاداری بوون. تاران سەرەتا ئەم هەواڵەی ڕەت کردەوە، چونکە پێدەچوو بە ئاشکرابوونی خێرای ئەم پەیوەندییە سەرسام بووبن، بەڵام دەربارەی ناوەڕۆکی پەیوەندییەکە، سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە: عێراقچی جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو ئەم کەناڵەی دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی موجتەبا خامنەیی، ڕابەری باڵای ئێران لەگەڵ ئەمریکییەکان کردووەتەوە.
بەرپرسێکی ئیسرائیلی کە ئاگاداری وردەکاریی تەلەفۆنەکەیە دەڵێت: بۆ عێراقچی زۆر گرنگ بوو کە ئەمریکییەکان بزانن ئەو دوای هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی بڕیاربەدەستانی ئێران هاتووەتە پێشەوە، ئەم گفتوگۆیانەش بە دانپێدانانی ئەمریکا بە دەستبەکاربوونی موجتەبا خامنەیی لێکدەدرێتەوە.
دواتر ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە بووەتە چەند ڕەشنووسێک و لە نێوان هەردوولادا ئاڵوگۆڕ کراوە، کە تێیدا: نەرمی نواندنی ئێران هەیە و ئەوان ئامادەییان نیشان داوە بۆ پێشکەشکردنی شتێک کە نزیک بێت لەوەی لە خولی کۆتایی دانوستانەکانی جنێف (پێش دەستپێکردنی شەڕ) لەسەری ڕێککەوتبوون، هەروەها ئامادەبوون تاوتوێی گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو بە ڕێژەیەکی بەرز بۆ ڕووسیا بکەن.
تاران جەختی کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری بەرنامەی موشەکی بالیستی نابێت و پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم لەناو خاکی خۆیدا ڕاناگرێت.
لە کاتی پەیوەندییەکەدا، ویتکۆف تەنانەت لە شوێنێکی گشتیشدا بووە بەڵام دەنگی بەرز کردووەتەوە و بە عێراقچی ڕاگەیاندووە، کە هەڵوێستی ترەمپ ڕوونە و جێگەی مشتومڕ نییە و بە ڕوونی گوتویەتی: سەرۆک دەڵێت هیچ جۆرە پیتاندنێکی یۆرانیۆم لەناو خاکی ئێراندا قبوڵکراو نییە.
ڕۆژنامەکە دەڵێت هەرچەندە گفتوگۆکە هەڵکشان و مشتومڕی زۆری تێدا بووە، بەڵام کاتێک کۆتایی هاتووە ئاماژەیەکی ئەرێنیی جێهێشتووە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە تەواوی هەوڵەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە ئێستادا لەسەر ئەوە چڕبوونەتەوە، لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوەیەکی ئەنجام بدرێت، وەك ئەوەی لە میدیاکانی ئەمریکا باسدەکرێت پێدەچێت کۆبوونەوەکە لە ئیسلامئابادی پاکستان بێت.
چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەی یەکەم لە نێوان جی دی ڤانس (جێگری سەرۆکی ئەمریکا) و عەباس عێراقچی (وەزیری دەرەوەی ئێران) بێت. بەڵام پێدەچێت ئێرانییەکان تەواوی هێرش و فشارەکانیان بخەنە سەر ئیسرائیل، بە مەبەستی قووڵکردنەوەی درز و ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا و گۆشەگیرکردنی تەلئەبیب لەو دانوستانانەدا.





