
ماڵپەڕی شەفافیەت کە رۆژانە داتای داهاتی ناوخۆی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە تۆماردەکات، نوێترین داتای داهاتی ئەم هەفتەیەی ئەو سنوورەی بڵاوکردەوە و دەردەکەوێت داهاتەکە سفر بووە.
ماڵپەڕی شەفافیەت بڵاویکردوەتەوە، داهاتی ئەم هەفتەیە تاوەکو ئەمڕۆ 25ـی ئاداری 2006، لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، هەروەها ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و باشماخ سفرە. شوان جەبار، سەرپەرشتیاری ماڵپەڕی شەفافیەت هۆکاری سەرەکی سفربوونەوەی داهاتی ناوخۆی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی، بۆ نەبوونی دەوامی فەرمی گەڕاندەوە.
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی هەفتەی پێشووتر لە 20 بۆ 26ـی ئادار لەو دوو پارێزگایە و ئیدارە سەربەخۆکانی، زیاتر لە 6 ملیار و 605 ملیۆن دینار بووە.
لەسنوری سلێمانی 451 فەرمانگە هەیە و داهاتی ناوخۆ کۆدەکەنەوە. بەرپرسانی ئیداریی سلێمانی دەڵێن، ئەگەر دەوام نەبێ خەڵک ناچێتە فەرمانگەکان. بۆ نموونە، ناچنە تاپۆ یان هاتووچۆ، بەڕێوەبەرایەتیی ئاو یان کارەبا و پارەی خزمەتگوزاری بدەن.
شوان جەبار هۆکارێکی دیکەی کەمبوونەوەی داهاتی بۆ جەنگ لە ناوچەکە گێڕایەوە و گوتی: “ئەو دۆخی جەنگەی لە ناوچەکە هەیە بێگومان کاریگەری لەسەر داهات هەیە، بەتایبەت بۆ داهاتی نانەوتی، چونکە هاتووچۆ و ئاڵوگۆڕی دەروازە سنوورییەکانیش زۆر کەم بووەتەوە”.
ماڵپەڕەکە داهاتی مانگانەی سنوورەکەی بڵاوکردووەتەوە، لە 26ـی شوبات بۆ ئەمڕۆ 25ـی ئادار، داهاتی مانگانە 17 ملیار و 474 ملیۆن و 776 هەزار دینار بووە، لەکاتێکدا مانگێک پێشتر 68 ملیار و 226 ملیۆن و 487 هەزار دینار بووە. بەمەش داهاتەکان لە ماوەی مانگێکدا 50 ملیار دینار کەمیکردووە.
رۆژی 15-12-2022 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردنەوەی ماڵپەڕی شەفافیەتی راگەیاند و لەلایەن نووسینگەکەیەوە سەرپەرشتی دەکرێت.





