
ڕۆژی هەینی مۆڵەتە پێنج ڕۆژییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئێرانییەکان کۆتایی دێت، کە داوایکردبوو لەو ماوەیەدا دانوستان بکرێت و کۆتایی بە جەنگ بێت، بەڵام چی روودەدات ئەگەر دوای تەواوبوونی مۆڵەتەکدا ئێران و ئەمریکا نەگەیشتنە ڕێککەوتن؟
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند، بڕیارە رۆژی هەینی 27-03-2026، هەزاران سەربازی مارێنز بگەنە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رێک لەو رۆژەی کە ترەمپ وەک مۆڵەتی کۆتایی بۆ ئێران دیاریکردبوو بۆ کردنەوەی گەروی هورمز.
بەپێی زانیارییەکان، کەشتیی هێرشبەری (USS Tripoli) و کەشتیی (USS New Orleans) پێکەوە لەگەڵ 2,200 سەربازی یەکەی 31ـی مارێنز، دەچنە ناو سنووری فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم). هەروەها پێنتاگۆن فەرمانی بە یەکەیەکی دیکەی مارێنز (یەکەی 11) کردووە کە لە سەر کەشتیی (USS Boxer) لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەرەو ناوچەکە بەڕێ بکەون.
جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا/ئیسرائیل، لە 28ـی شوباتی 2026 دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستاش بەردەوامە.
رۆژی دووشەممە 23ی ئاداردۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، دەستیان بە گفتوگۆکردووە لەگەڵ ئێران بۆ رێککەوتن و راگرتنی جەنگەکە، بەڵام بەرپرسانی ئێران ئەوە رەتدەکەنەوە.
محەمەد باقر قالیباف لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند: “بەپێی هەندێک زانیاری، دووژمنانی ئێران بە پاڵپشت و هاوکاریی یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکە ئامادەکاری بۆ ئۆپەراسیۆنێک دەکەن بۆ داگیرکردنی دوورگەیەک لە ئێران.”
قالیباف ناوی دوورگەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام پێدەچێت مەبەستی دوورگەی خارگ بێت.
باسی لەوەش کرد، “هەموو جموجووڵەکانی دووژمن لەژێر چاودێریی هێزە چەکدارەکانماندایە و ئەگەر هەر هەنگاوێک بنێن، هەموو ژێرخانەکانی ئەو وڵاتە دەبنە ئامانجی هێرشی بەردەوام بەبێ هیچ سنووردارکردنێک.”





