
فەرماندەیەکی باڵای هێزی پێشمەرگە دەڵێت، هیچ پلانێک نەبووە بۆ هێرشکردنەسەر ئێران لەناو خاکی هەرێمی کوردستانەوە و دەپرسێت: ئەی ئێران بۆچی بۆردوومانمان دەکات؟
سیروان بارزانی، فەرماندەی دیاری هێزی پێشمەرگە لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا بە پێگەی میدڵ ئێست ئای گوتووە، لەو کاتەوەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ی شوباتدا دەستی پێکردووە، هەرێمی کوردستانی عێراق ڕووبەڕووی نزیکەی 430 هێرشی درۆنی و موشەکی بووەتەوە.
سیروان بارزانی بە ئاماژەدان بە ئێران گوتی: “هۆکاری چییە کە ئەوان هەموو ڕۆژێک هێرش دەکەنە سەر بنکەکانی پێشمەرگە؟ هۆکارەکە چییە؟ ئێمە هیچمان دژی ئەوان نەکردووە. ئێمە دراوسێین. پەیوەندی بازرگانیمان هەیە. پەیوەندی مێژووییمان هەیە”.
سەرەڕای توڕەییەکەی، سیروان بارزانی بە توندی ئەو ڕاپۆرتانەی میدیا ڕۆژئاواییەکانی ڕەتکردەوە کە دەڵێن کوردانی عێراق یارمەتیی کوردانی ئێران دەدەن بۆ پەڕینەوە لە سنوور و شەڕکردن دژی ئێرانییەکان. ئەو گوتی: “ئێمە بڕیاری لەو شێوەیەمان نەداوە. ئەمە کاری ئێمە نییە. ئێمە لەم بەشەی عێراقداین بۆ بەرگریکردن لە خۆمان، ئەمە ئەرکی ئێمەیە”.
سام فادیس، ئەفسەری پێشووی ئاژانسی هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) کە لە ساڵی 2002دا لەگەڵ کوردانی عێراق کاری کردووە بۆ ئامادەکارییەکانی ڕووخانی حکومەتەکەی سەدام حسێن، ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوە کە باس لە پەڕینەوەی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستانەوە بکەن و گوتی:”کوردانی عێراق پێیان وا نییە ڕژێمی ئێران لە لێواری ڕووخاندابێت، هەروەها پێیان وا نییە کۆنترۆڵی لەدەستدابێت. ئەوان نایانەوێت دەست بۆ شانەزەردەواڵە بەرن و دواتر باجەکەی بدەن.”
لە ئاداری 2023دا، بەغدا و تاران ڕێککەوتننامەیەکی ئەمنییان واژۆ کرد بۆ دوورخستنەوەی پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکان لە سنوورەکان، ئەمەش دوای ئەوەی ئێران ئەوانی تۆمەتبار کرد بەدەستوەردانیان لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2022ی ئێران کە بە شۆڕشی “ژینا ئەمینی” ناسرابوو.
سیروان بارزانی گوتی: “ڕێککەوتنێک لە نێوان بەغدا، هەولێر و تاران هەبوو، حزبە کوردییەکانیان گواستەوە. هەندێک خێزانی پەنابەری ئێرانی لێرەن و وەک پەنابەر دەژین. تەنانەت کەمپەکانیش لە سنوورەوە دوورن، بەڵام ئێران هێشتا هەموو ڕۆژێک هێرشیان دەکاتە سەر”.
سیروان بارزانی جەخت لەوەش دەکاتەوە کە هەواڵگریی ئێران “لە ئێمە و فەڕەنسییەکانیش باشتر” دەزانێت کە ئەو بانگەشانەی دەڵێن فەڕەنسا مەشق بەو گروپە کوردییانە دژی ئێران دەکات، ڕاست نین. ئەو گوتی: “فەڕەنسییەکان بەشێک نین لەم جەنگە، تەنانەت دوای ئەوەی ئێران هێرشی کردە سەر سەربازەکانیشیان، هێشتا نەبوونەتە بەشێک لێی. سەرۆک ماکرۆن وتی ئەوان بەشێک نین لەم جەنگە”.
سیروان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە لە نێوان 85% بۆ 90%ی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، لەلایەن ئەو گروپانەوەن کە لەناو “هێزەکانی حەشدی شەعبی”دان و لایەنگری ئێرانن؛ ئەو هێزانەی کە لە ساڵی 2014 بۆ شەڕی دژ بە داعش دامەزرێنران. فەرماندە کوردەکە گوتی: “هەندێکیان لایەنگری ئێرانن، بەداخەوە ئەوان زیاتر لە ئێران هێرشمان دەکەنە سەر”.
سیروان بارزانی بە ئاماژەدان بە پشتگیرییەکانی ئێران بۆ گروپە چەکدارەکان لە ناوچەکە و پشتگیریی حکومەتی عێراق بۆ گروپە ناوخۆییەکان، وتی: “ئەوەی لە یەمەن،سوریا و لوبنان ڕوودەدات بە پارەی ئێرانە، بەڵام لە عێراقدا بە پارەی عێراق، بە بودجەی عێراق و بە خوێنی عێراقی، عێراق وێران دەکرێت.”
سیروان بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ هێزێکی هاوپەیمانان لەو ناوچانەی تری هەرێمی کوردستاندا نەبووە کە بەر هێرشەکانی ئێران کەوتوون، لەوانە ناوچەکانی دهۆک، سلێمانی و هاوینەهەواری چیای کۆڕەک؛ ئەو شوێنەی کە خەڵک لە زستاندا بۆ خلیسکانی سەر بەفەر ڕووی تێدەکەن و خاوەندارێتییەکەی بۆ سیروان بارزانی دەگەڕێتەوە.
سیروان بارزانی گوتی: “دەبینین کە ئەوان هێرش دەکەنە سەر هۆتێلەکان [لە وڵاتانی کەنداو]، هەروەک لێرەش دەیکەن و ئامانجە مەدەنییەکان دەپێکن. کۆڕەک 17 جار لێی دراوە. چی لەوێ هەیە؟ ئەوێ تەنها هاوینەهەوارێکە”.
لەکاتێکدا ئێران توانیویەتی وەڵامی بەرژەوەندییە ئابووری و سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بداتەوە و زیان بە ئابووری جیهانی بگەیەنێت، کە ڕەنگە ئەمە گەورەترین چەکبێت لە دەستیاندا، سیروان بارزانی پێی وایە لە کۆتاییدا تاران ناچار دەبێت سیاسەتی خۆی بگۆڕێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو مەترسییەی کە دەبێتە هۆی تێکدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و کورد بە شێوەیەک کە چاکنەکرێتەوە.
ئەو وتیشی کە کاتێک دێتە سەر دانوستان، ئەو وڵاتانەی کە لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج، دەپرسن بۆچی ژێرخانە ئابوورییەکانیان هێرشی کراوەتە سەر.
سیروان بارزانی لە کۆتاییدا وتی: “ڕۆژێک دێت وەک هەر جەنگێکی تر، ئەمەش کۆتایی پێ دێت، بەڵام ئەی چارەنووسی پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ دراوسێکانی چی بەسەر دێت؟”





