
دادگای تاوانەکانی پاریس ڕۆژی چوارشەممە، بە غیابی سزای 18 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر بیرمەندی ئیسلامی، تارق ڕەمەزاندا سەپاند بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی، دادگا هەروەها بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی هەمیشەیی سەردانی تارق ڕەمەزان بۆ ناو خاکی فەڕەنسا دوای تەواوبوونی ماوەی سزاکەیشی، لەگەڵ هێشتنەوەی کاریگەریی فەرمانی دەستگیرکردنەکەی کە لە6ی ئادار دەرچووە.
هەروەها بڕیارەکە قەدەغەکردنی بڵاوکردنەوەی هەر کتێبێک، بەرهەمێکی بینراو و بیستراو، یان هەر لێدوانێکی گشتی دەگرێتەوە کە پەیوەندی بەو تاوانانەوە هەبێت.
تارق ڕەمەزان، بیرمەندی ئیسلامیی سویسری، لە دانیشتنێکی داخراودا بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر سێ ژن سزادرا، کە یەکێکیان لە دۆخێکی “هەستیار و لاوازدا” بووە. لەم بارەیەوە، کۆرین گۆتسمان، سەرۆکی دادگا جەختی کردەوە کە: “ڕەزامەندی لەسەر پەیوەندیی سێکسی، بەواتای ڕەزامەندی نییە بۆ هەر کارێکی سێکسی”.
دادگا ڕێکاری چاودێریی دادوەریی بۆ ماوەی هەشت ساڵ بەسەر ڕەمەزاندا سەپاند، کە ڕێگری لێ دەکات پەیوەندی بە قوربانییەکانەوە بکات.
جێی ئاماژەیە کە ئەم بیرمەندە ئیسلامییە پێشتر لەلایەن دادگای سویسراوە بە تۆمەتی دەستدرێژی بۆ سەر ژنێک سزادرابوو. هاوکات ئەو سێ کەیسەی دیکەش لەنێوان ساڵانی 2009 تا 2016 ڕوویانداوە، بەڵام تارق ڕەمەزان سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردوەتەوە.
بەوپێیەی تارق ڕەمەزان وڵاتینامەی سویسرایە هەیە، پێدەچێت ئێستا لەو وڵاتە بێت بۆیە بە غیابیی سزادراوە، هاوکات سویسرا بە دەگمەن هاوڵاتییانی خۆی ڕادەستی وڵاتانی تر دەکاتەوە، مەگەر ڕێککەوتنی تایبەت لە ئارادا بێت.
تارق ڕەمەزان کچەزای حەسەن بەننا (کوڕی وەفا بەننا)، دامەزرێنەری ڕەوتی ئیخوان موسلمینە، ساڵی 1962 لە سویسرا لەدایکبووە، باوکی ناوی سەعید ڕەمەزانە کە سکرتێری تایبەتی حەسەن بەننا بووە.





