ئەمریکا خۆی بۆ وەشاندنی کۆتا گورزی کەمەرشکێن لە ئێران ئامادە دەکات

وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بژاردە سەربازییەکان بۆ “وەشاندنی گورزی کۆتایی” لە جەنگی دژ بە ئێراندا ئامادە دەکات، پوختەی بژاردەکەش بەکارهێنانی هێزی زەمینی و بۆردومانی چڕ لەخۆ دەگرێت، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی ئەکسیۆس، کە پشتی بە لێدوانی دوو بەرپرسی ئەمریکی و دوو سەرچاوەی ئاگادار بەستووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، هەم لە جیهان و هەم لە ئەمریکاش چاوەڕێی پەرەسەندنێکی دراماتیکی سەربازیی دەکرێت، ئەگەر بێتوو هیچ پێشکەوتنێک لە گفتوگۆکانی نێوان تاران و واشنتۆن بەدی نەیەت.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بژاردەکانی وەک داگیرکردنی دوورگە ستراتیژییە گرنگەکانی وەک خارک، لاراک، ئەبو موسا و ئەوانی تر، لەگەڵ گەمارۆدانی ئەو کەشتیانەی نەوتی ئێران بۆ ڕۆژهەڵاتی گەرووی هورمز دەگوازنەوە، لەسەر مێزی گفتوگۆی ترەمپ-ن.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت هەندێک لە بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وایە “پیشاندانی هێزێکی تێکشکێنەر” بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، دەسەڵاتێکی زیاتر دەداتە ئەمریکا لە دانوستانەکاندا، لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە هەوڵەکانی دانوستان لەگەڵ ئێران گوتویەتی: تورکیا، پاکستان و میسر بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ ڕێکخستنی دیداری ئێرانیەکان و ئەمریکییەکان.

بەگوتەی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ ئەکسیۆس کردووە، ئێران داواکارییەکانی ئەمریکای ڕەتکردوەتەوە بەڵام لە دانوستانەکان نەکشاوەتەوە.

سەرەڕای لێدوانی سەرچاوەکان، باس لەوە دەکرێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێشتا بڕیاری لەسەر هیچ کام لە سیناریۆکانی هەڵکشانی زیاتر دژی ئێران نەداوە.تا ئێستا هەر ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی لەلایەن بەرپرسانی کۆشکی سپییەوە وەک گریمانە تەماشا دەکرێت.

Back to top button