هۆشدارییەکی گەورە لە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بۆ جیهان لەبارەی دابینکردنی خۆراک

 

رۆژی پێنجشەممە گەورە ئابووریناسی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە ڕۆژنامەنووسانی راگەیاند، شەڕی ئێران دەکرێت قەیرانێکی خۆراک بهێنێتە ئاراوە گەورەتر لەوەی دوای هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دروستبوو.

ماکسیمۆ تۆرێرۆ، گەورە ئابووریناسی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (FAO) رایگەیاند، “کات زۆر بە خێرایی تێدەپەڕێت، پێویستە رێگەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە لە زووترین کاتدا بدۆزینەوە. چونکە ئەگەر وانەبێت، لێکەوتەکان دەکرێت جیاواز بن، دەکرێت زۆر دراماتیکی بن، تەنانەت خراپتر بن لەوەی لە کاتی جەنگی ئۆکرانیادا روویدا”.

لەبارەی ئەو پرسیارەی چ وڵاتێکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆرترین کاریگەری لەسەر دەبێت، ئابووریناسەکە ئاماژەی بۆ دوو وڵات درێژکرد کە یەکێکیان دراوسێیەکی گرنگی هەرێمی کوردستانە.

ماکسیمۆ تۆرێرۆ رایگەیاند، “تورکیا و ئوردن ئەو وڵاتانەن کە لەژێر مەترسیدان بەهۆی ساڵنامەی کشتوکاڵی و بەهۆی پشتبەستنیان بە هاوردەکردن”.

ئابووریناسەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بە ڤیدیۆ لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەدا بەشداربوو، پێشبینیی شۆکێکی گەورە لە بازاڕی خۆراک دەکات کە دەکرێت نرخی شتومەک زۆر زیاتر بەرزببێتەوە، ئەگەر بێت و شەڕی ئێران سێ تاوەکو شەش مانگی دیکە بخایەنێت.

 

 

Back to top button