فوئاد حوسێن: عێراق بووەتە بەشێک لە جەنگ و باجی قورس دەدات

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، هۆشداری دەدات لەوەی عێراق بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە، بووەتە بەشێک لە جوگرافیای جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دوبراڤکا شویتسا، کۆمیساری یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری دەریای ناوەڕاست ئاماژەی بەوە داوە، “سەرەڕای ئەوەی سیاسەتی فەرمیی حکومەتی عێراق لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی جەنگ و پەنابردن بۆ گفتوگۆ و دانوستان داڕێژراوە، بەڵام عێراق زیانی مرۆیی و ئابووریی گەورەی لەم جەنگەدا بەرکەوتووە.”

هەر بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، وەزیری دەرەوە ڕوونیشیکردووەتەوە، “بەهۆی هێرشە جیاوازەکانەوە، لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی قوربانی دراوە.”

دوبراڤکا شویتسا، کۆمیساری یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری دەریای ناوەڕاست، هاوسۆزیی یەکێتییەکەی بۆ عێراق و گەلەکەی دەربڕی لە بەرامبەر ئەو ئاڵنگاری و هێرشانەی ڕووبەڕووی عێراق دەبنەوە، هاوکات ئامادەیی یەکێتیی ئەورووپای بۆ تاوتوێکردنی پێداویستییەکانی عێراق و پێشکەشکردنی پشتگیریی پێویست بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە سەختە پیشاندا.

Back to top button