قوباد تاڵەبانی: ڕێگە نادەین خاکی هەرێم دژی ئێران بەکاربهێنرێت

 

لەو کاتەوەی جەنگ لە 28ی شوبات بە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەستی پێکردووە، عێراق ڕاکێشراوەتە ناو ململانێیەکەوە کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی دەدا خۆی لێ بەدوور بگرێت.

لە سەرەتادا وا دەرکەوت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پشتگیری لە هێرشی گروپە چەکدارە کوردییەکان (ئۆپۆزسیۆنی ئێران) بکات، بەڵام دواتر پاشەکشەی کرد.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی پێنجشەممە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاند: “ئێمە هیچ هەوڵێکمان لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یان هەر دەزگایەکی تری ئەمریکاوە نەبینیوە بۆ پڕچەککردنی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە کوردستان”.

تاڵەبانی بە ئاماژەدان بەو گفتوگۆیە جیاوازانەی کە دەسەڵاتدارانی هەرێم لەگەڵ ئەمریکا، ئێران، یان گروپە ناوخۆییەکان ئەنجامیان داوە، جەختی لەوە کردەوە کە “لە ئێستادا هیچ پلانێک نییە بۆ بەکارهێنانی ئەم گروپانە لە ناوخۆی ئێراندا”.

تاڵەبانی ئاماژەی بەوەش کرد کە هەرێمی کوردستان “بۆ هەموو گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕوون کردووەتەوە کە ناژیرانەیە ئەوان ببنە سەرەڕمی هێرشەکان، ئێمە ڕێگە نادەین شتی وەها لەێرەوە ڕووبدات، ئەمەمان بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ڕوونی باس کردووە”.

لە ڕابردوودا، تاران ئەم گروپانەی تۆمەتبار کردووە بەوەی لە سنوورەکان دەپەڕنەوە بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانیان، یان بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە هانی ڕاپەرین دەدەن لە ناوچە کوردییەکانی ئێراندا.

هەرێمی کوردستان کە هاوبەشی واشنتۆن و ڕۆژئاوایە، مێژوویەکی درێژی هەیە لە هەوڵدان بۆ پاراستنی هاوسەنگییەکی ورد لەگەڵ ئێرانی دراوسێی.

بەڵام ئەو سەقامگیرییەی کە بەهۆی ڕێککەوتنی ئەمنیی ساڵی 2023ی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و ئێران هاتبووە ئاراوە، بەهۆی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێران تێکچووە.

تاڵەبانی گوتی، لە سەرەتای ململانێکاندا تاران داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە “هەرچییەکتان لە دەست دێت بیکەن بۆ پاراستنی ئەو سنوورە”. جێگری سەرۆک وەزیران دەشڵێت: “ئێمە هەست دەکەین پاراستنی ئەو سنوورانە ئەرکمانە،” ئەمەش لەبەر ڕێزگرتن لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیان.

بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە عێراق ڕووبەرووی دۆخێکی سەختی ئابووریی بووەتەوە، توانای هەناردەکردنی نەوتی لەدەستداوە، لەوبارەیەوە تاڵەبانی ڕایگەیاند کە ئەوان “بێگومان” پشتگیری لە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دەکەن.

گوتیشی: “بەڵام لە هەمان کاتدا، کوردستان هیچ بەرگرییەکی ئاسمانی نییە، ئێمە هیچ توانایەکمان نییە بۆ بەرگریکردن لەم کێڵگانە لەو هێرشانەی کە لەلایەن گروپە جیاوازەکانی میلیشیاوە ئەنجام دەدرێن.”

بەوتەی تاڵەبانی: “چەندین جار ئەم بابەتەمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا باس کردووە. داوامان لێکردوون دەستوەردان بکەن، رێگری لەو گرووپانە بکەن کە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق پابەندی نیشانداوە، بۆ وەستانی ئەم هێرشانە” بەڵام وەك قوباد تاڵەبانی باسیکردووە “بەداخەوە هەندێک لەم گروپانە ئەندامەکانیان مووچەخۆری حکومەتی فیدراڵین”.

ئەو بەرپرسەی حکومەتی هەرێم باسی لەوەشکرد: “پێویستە واقیعبین بین، خوا نەخواستە ئەگەر یەکێک لەم کێڵگانە لە کاتی کارکردندا لێی بدرێت، کاریگەرییەکەی کارەساتبار دەبێت.”

Back to top button