
ئێران و میلیشیا نزیکەکان، بازرگانان و سەرمایەدارانی هەرێمی کوردستانیان وەک هەڕەشە بۆسەر خۆیان تەماشا دەکرد، هێشتا بڕوایان وابوو دەتوانن لەگەڵ سیاسییەکاندا بگەنە ئەنجام، بەڵام لەگەڵ سەرمایەداران نا، هەربۆیە مووشەک و درۆنەکانی ئێران و میلیشیاکان، ڕووی لەماڵی سەرمایەداران بوو، شێخ باز و پێشڕەو دزەیی دوو دیارترین نمونە بوون، بەڵام کردنە ئامانجی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک، پێشهاتێکی نوێیە و نیشانی دەدات هەڵکشانەکان چوونەتە قۆناغێکی توندەوە.
شاردنەوەی بە ئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی
تا ئەمڕۆ شەممە کە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئیدانەی ئەو هێرشەی نەکرد کە کرایە سەر ماڵەکەی بارزانی لە دهۆک، هیچ کەسێک نەیزانیبووی ئامانجی ئەو درۆنەی لە ئاسمانی دهۆک بینرابو، بۆ ماڵی نێچیرڤان بارزانی بووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ کورد مۆنیتەر زانیاریی ئەوەی ئاشکراکرد، بەیانی ئەمڕۆ بە دوو درۆنی خۆکووژ لەناو سەنتەری شاری دهۆک هێرشکرایەسەر میوانخانەی نێچیرڤان بارززانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو شارە، بەڵام هەردوو درۆنەکە بەر لەوەی بگەنە ئامانجەکەیان خراونەتە خوارەوە.
ئەو سەرچاوەیە هۆکاری ئاشکرانەکردنی بابەتەکەی گەڕاندەوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە، هاوکات داواکاریی حکومەتی عێراق بۆ ئاشکرانەکردنی هەواڵی ئەو هێرشە تا ئەو کاتەی لیژنەیەک پێکدەهێنرێت و لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەکرێت.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی کورد مۆنیتەر، زیان بە باڵەخانەیەکی نێو ماڵەکەی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک کەوتووە، بەڵام لەکاتی هێرشەکەدا هیچ کارمەندێک و کەسێک لەوێ نەبووە.
لەدوای هێرشە درۆنیەکان، هەڵوێستی سوپای پاسداران جێگەی مشتوومڕە، چونکە بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوی ژمارە 49یدا رایگەیاند، “هێرشی درۆنی بۆ سەر ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک، بەڵگەی کاری تیرۆریستیی دووژمنانی هێرشکارە، کە مێژووی ئەوەمان لە تیرۆری ناپیاوانەی بەرپرسانی باڵای ئێران و خەڵکی بێ گوناهی ئێران لەلایەن سوپا تیرۆریستییەکانی ئەمریکا و زایۆنیزم بینیوە.”
سوپای پاسدارانی ئێران جەخت دەکاتەوە، “ئەم کارە تیرۆریستییە دەرخەری هەوڵی پیسی دووژمنانی شەڕفرۆشە بۆ زیان گەیاندن بە ئاشتی، سەقامگیری و هاوکاریی ناوچەیی لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێی.”
هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەهەمانشێوە راگەیەنراوێکی لەبارەی ئەو هێرشە بڵاوکردەوە و دەڵێت: ئێران لەپشت ڕووداوەکە نییە. هاوکات پەنجەی تۆمەتی بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا درێژکردووە.
سەرەرای هۆشداریی بەرپرسانی عێراق بۆ میلیشیا شیعەکان کە عێراق پەلکێشی جەنگ نەکەن، بەڵام وادیارە سەربەخۆ بریاریانداوە بچنە نێو جەنگێکەوە، کە ئاکامەکەی بۆ عێراق کارەساتبار دەبێت.
“مردن لەپێناو ئێران، نەک عێراق”
میلیشیا وەلائییەکان هەمیشە لە پشت چەتری حەشدی شەعبییەوە خۆیان حەشارداوە، بەو پاساوەی کە حەشد دامەزراوەیەکی فەرمیی حکومەتە، لە کاتێکدا ئێستا سوپای عێراق هەر بەهۆی حەشدی شەعبیەوە ڕاکێشراوەتە نێو ململانێکەوە، چەند جارێکیش لەلایەن ئەمریکاوە سوپا بۆردوومانکرا.
لە عێراقدا زاراوەی “میلیشیا وەلائییەکان” بە شێوەیەکی فراوان بۆ ئەو گروپە چەکدارانە بەکاردێت کە لە ڕووی عەقیدەییەوە بە سیستەمی “ویلایەتی فەقیهـ” و لە ڕووی ڕێکخستنەوە بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بەستراونەتەوە، کە زۆربەیان خاوەنی لیوان لە ناو حەشدی شەعبیدا و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بودجەیان بۆ دابین دەکرێت.
لە ساڵانی ڕابردوودا حکومەتی عێراق هەمیشە هەوڵی دەدا وا نیشان بدات کە دەوڵەتێکی ئاساییە و خاوەن مافی سەروەرییە لەسەر خاکەکەی، گۆڕەپانێک نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمریکا و ئێران، بەڵام پێچەوانەکەی دەرکەوت. لەگەڵ یەکەم گورزی ئەمریکا بۆسەر ئێران، میلیشیا عێراقیەکان کەوتنە جوڵە و عێراقیان کردە بەشێک لە جەنگەکە.
شارەزایان هۆشداریی دەدەن لە “گەڕاندنەوەی عێراق بۆ گۆڕەپانی ململانێی سەربازیی، هەروەها پەراوێزخستنی عێراق لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان، هەرچەندە میلیشیا وەلائیەکانی عێراق کە ئامادەن لەپێناو ئێراندا بمرن نەك لە پێناوی عێراق بەردەوام دەڵێن خاوەن لایەنگری خۆیانن، بەڵام لەسەر ئاستی گەورەتر کۆمەڵگەی عێراقیی بە ڕەفتار و بڕیارەکانی ئەوان ئاسوودە نیە و تا ئاستێکیش دژایەتییان دەکات.





