
پێنج ڕۆژ بەر لە ئێستا بۆردوومانەکانی ئەمریکا گەیشتنە ناوچەی “قەوسیات” لە موسڵ، بزوتنەوەی بابلیون کە رەییان کلدانی سەرۆکایەتی دەکات و بەشێکە لە حەشدی شەعبی، کرایە ئامانج. سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ کورد مۆنیتەر زانیاریی نوێی لەسەر هێرشەکانی دهۆک و کردنە ئامانجی ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشکراکرد و گوتی: ئەو ناوچانەی درۆنەکانی لێوە ئاراستەکراون باکووری شاری موسڵە، لەوێ ڕەییان کلدانی و هێزەکەی دەسەڵاتدارن.
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، زانیارییان هەیە وەك کاردانەوەیەک بەرامبەر بۆردومانکردنی میوانخانەکەی فالح فەییاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە (حەی مەلاین) لە موسڵ و بۆردومانکردنی هێزەکەی ڕەییان کلدانی لە ناوچیە (قەوسیات) ئەوانیش درۆنی خۆکوژ دەنێرن بۆ هەرێمی کوردستان.
بەئامانجگرتنی دهۆک لەلایەن بەرەی مقاوەمەوە پێشهاتێکی نوێیە، لەوێ نە بنکەی جێگیری هێزەکانی ئەمریکای لێیە نە هێزەکانی هاوپەیمانان، درۆنەکان بە دیاریکراوی ئاڕاستەی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێن، لەکاتێکدا ئێران خۆی لە هێرشەکان بێبەریی دەکات، عێراقیش بەڵێنی پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوە دەدات.
سەرچاوە ئەمنیەکەی قسەی بۆ کورد مۆنیتەر کرد ئاماژەی بە پێشهاتێکی نوێ کرد و گوتی: دوای بە ئامانجگرتنی بارەگای میلیشیاکان لەلایەن ئەمریکاوە، قۆناغی بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانیان دەستپێدەکات، بۆئە ئەوان دەیانەوێت هێرشکردنەسەر هەرێمی کوردستان وەك فشارێک بۆسەر ئەمریکییەکان بەکاربهێنن.
رەییان کلدانی کریستیانە، بەڵام لەنێو حەشدی شەعبی کە هێزێکی شیعییە لیوایەکی هەیە، سەرەتای ئەم مانگەش کاتێک جەنگی ئێران گەیشتە لوتکە بزوتنەوەی بابلیون ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی: “پارتی دیموکراتی کوردستان هەواڵی ناراست لەسەر بەئامانجگرتنی بارەگاکانی بابلیون بڵاودەکاتەوە، بۆیە هەر بەئامانجگرتنێکی بارەگاکانمان، دەکەوێتە ئەستۆی پارتی”.
ڕەیان سالم سادق ناسراو بە ڕەیان کلدانی لە خێزانێکی عێراقی کلدان، لە ساڵی 1989 لە شارۆچکەی “ئەلقوش”ی سەر بە پارێزگای نەینەوای عێراق لەدایکبووە، کە بە پێگەی مەسیحییە کلدانەکانی سەر بە کەنیسەی کاسۆلیک دادەنرێت.
باوکی فەرمانبەرێکی سادە بوو لە دادگای کەرکووک، دواتر ڕویکردە بەغدای پایتەختی عێراق و لەوێ نیشتەجێ بوو. ڕەیان دوو برای بە ناوەکانی سەرمەد و ئوسامە و خوشکێکی بە ناوی ئەسما هەیە.
لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش و کۆنترۆڵکردنی چەند شارێکی عێراق، کە گرنگترینیان مووسڵ بوو وەک ناوەندی پارێزگای نەینەوا و پێگەی مێژوویی کلدانەکان، لەهاوینی 2014 دامەزراندنی میلیشیای بزووتنەوەی مەسیحی لە عێراق (بابلیون)ی بۆ شەڕکردن دژی داعش ڕاگەیاند.
میلیشیای بابلیون لەگەڵ کۆمەڵە گروپەکانی تری میلیشیای حەشد چەندین شەڕیان دژی داعش لە تکریت و بێجی ئەنجامدا، بەڵام دیارترین شەڕیان “دێر مار بەهنام” بوو لەگەڵ میلیشیا عێراقییەکانی تری نزیک لە ئێران.
لە سەرەتای ساڵی 2016دا، کلدانی لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت و تێیدا ئامادەیی ئەندامانی میلیشیای (بابلیون)ی نیشاندا بۆ بەشداریکردن لە شەڕی سوریا و یەمەن. بەشێک لە میلیشیاکە بە کردەوە لەژێر فەرمانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بەشدارییان لە شەڕەکانی حەلەبدا کرد، کە لەوێ کوژرانی دوو ئەندامی (بابلیون) پشتڕاستکرایەوە.





