شیعەکان بە گۆڕینی مالکی پەیامێک بۆ ترەمپ دەنێرن

 

سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە دەیانەوێت بە گۆڕینی نوری مالکی وەك کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داهاتوو، پەیامێکی ئەرێنی بدەنە ئەمریکا بۆ دورخستنەوەی عێراق لەگۆڕەپانی جەنگ.

بەگوێرەی قسەی دوو بەرپرسی کورد لەبەغدا، لایەنە شیعەکان پەیامیان بۆ کورد ناردووە و داوایانکردووە بەزوویی پرسی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکەنەوە، چونکە شیعەکان دەیانەوێت بەزوویی حکومەتی نوێ پێکبهێنرێت.

ئەو دوو بەرپرسە باسیان لەوەکرد، شیعەکان کۆدەنگن لەسەر گۆڕینی نوری مالکی وەك کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران، بۆئەوەی ئاماژەیەکی ئەرێنی بدەنە ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ لەم کاتەدا، ئامانج لەم کارەش بەدوورگرتنی عێراقە لە ڕاکێشانی بۆ نیو جەنگی ئێران، یاخود لە قۆناغی داهاتوودا ئەگەر جەنگی ئێران وەستا، عێراق نەبێتە وێستگەیەکی نوێی ململانێکان.

کورد مۆنیتەر لەزاری ئەو دوو بەرپرسەوە زانیاریی ئەوەی دەستکەوتووە، چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە کە لە 12 لایەنی سیاسیی شیعە پێکدێت، نۆ لایەن دژی کاندیدکردنی مالکین بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، دیارترین لایەنیش کە مالکی ڕەتدەکەنەوە ڕەوتی حیکمە و بزوتنەوەی سادقون (بەسەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی)ن. هاوکات تەنیا سێ لایەن پشتیوانیی نوری مالکی دەکەن کە دەوڵەتی یاسا (حزبەکەی مالکی) یەکێکیانە.

لەبارەی ئەگەری نەکشانەوەی نوری مالکی کورد مۆنیتەر زانیویەتی، ڕەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم هۆشداریی داوە ئەگەر کاندیدی سەرۆک وەزیران نەگۆڕێت، ئەوا ڕەوتەکەی لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە دەکشێتەوە.

Back to top button