نیویۆرک پۆست: هەزار ئەندامی پاسداران لە کەنەدا بوونەتە مەترسی بۆسەر ئەمریکا

 

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست-ی ئەمریکی شارەزایان و بەرپرسانی سیاسی هۆشدارییان داوە لە ئەگەری ئامادەیی نزیکەی هەزار کەس کە گومانی پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لێ دەکرێت لە کەنەدا. ئەوان پێیان وایە ئەم کەسانە دەتوانن ببنە هەڕەشەیەکی دەستبەجێ بۆ سەر ئاسایشی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی.

​میشێل ڕێمپڵ گارنەر، نوێنەری ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی کەنەدا و وەزیری کۆچ لە حکومەتی سێبەردا، ڕایگەیاند کە حکومەتی لیبراڵ هەوڵی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەم بابەتە نادات. ئەو وتیشی: «ئەمە کێشەیەکی گەورەیە و تەنها نیگەرانی کەنەدا نییە، بەڵکو هاوپەیمانان و هاوبەشە ئەمنییەکانمان دەگرێتەوە.»

​گارنەر ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە ڕژێمی ئێرانەوە هەیە، سوود لە سیاستە کۆچبەرییە «نەرم و ئاسانەکانی» کەنەدا وەردەگرن بۆ چوونە ناو وڵاتەکە، پاشان بە داواکردنی مافی پەنابەری، پرۆسەی دەرکردنی خۆیان زۆر سەخت دەکەن. بە وتەی ئەو، ئەم سیستمە پێویستی بە چاکسازییە.

​لە هەمان کاتدا، جۆ ئادەم جۆرج، توێژەر لە سەنتەری لێکۆڵینەوەی «فۆرۆمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست» لە فیلادلفیا، وتی ئامانجی سەرەکی ستراتیژیی ئێران هێشتا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، نەک کەنەدا. ئەو وتیشی تاران، واشینگتن بە «شەیتانی گەورە» و ئیسرائیل بە «شەیتانی بچووک» دەزانێت.

​ئەو لەسەر بنەمای پەیامێکی کۆدکراو کە لەلایەن دەزگا ئەمریکییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە، ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی بەوە ناسراوە «شانەی نوستوو»ی لە سەرانسەری جیهاندا هەیە و لەوانەیە دوای دەستپێکردنی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، ئاماژەی ئۆپەراسیۆنی بۆ چالاککردنیان ناردبێت.

​ئەم هۆشدارییانە دوای ڕووداوی تەقەکردن لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە تۆرۆنتۆ لە 10ی مارسدا هات، کە دوو کەسی چەکدار تەقەیان لەو کۆمەڵە بینا پارێزراوە کرد، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی گیانی هەبێت. هێشتا ڕوون نییە کە ئایا گومانلێکراوەکان پەیوەندییان بە ڕژێمی ئێرانەوە هەبووە یان نا.

​هەروەها، کریستیان لوبرێشت، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە کۆلێژی سەربازی پاشایەتی و زانکۆی کوینز، ڕایگەیاند ئەگەر یەکێک لەو کۆچبەرانەی نیشتەجێی کەنەدایە هێرشێکی تیرۆریستی لە ئەمریکا ئەنجام بدات، ڕەنگە کەنەدا بەشێک لە بەرپرسیارێتییەکەی بکەوێتە ئەستۆ. ئەو وتیشی کە ئەم وڵاتە خۆی وەک داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ دەناسێنێت، بەڵام ڕێگە بە چوونە ناوەوەی کەسانێک دەدات کە پێشینەی توندوتیژییان هەیە.

​بەپێی ڕاگەیاندنی ئاژانسی خزمەتگوزارییە سنوورییەکانی کەنەدا، حکومەتی ئەم وڵاتە 32 بەرپرسی باڵای ئێرانی نیشتەجێی کەنەدای ناسیوەتەوە و وەک کەسی گونجاو بۆ دەرکردن پۆلێنی کردوون. لەنێو ئەم کەسانەدا:

​عەباس ئومێدی: جێگری بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی پیشەسازی، کانزا و بازرگانی ئێران کە ئێستا ڕووبەڕووی پرۆسەی دەرکردن بووەتەوە.

​ئەفشین پیرنوون: بەڕێوەبەری گشتی پێشوو لە وەزارەتی ڕێگاوبان و شارسازی ئێران کە دوای ڕەتکردنەوەی داوای دەرکردنەکەی لە ساڵی 2025دا، مۆڵەتی مانەوەی پێدرا.

​سەلمان سامانی: وتەبێژی پێشووی وەزارەتی ناوخۆی ئێران کە حوکمی دەرکردنی بۆ دەرچووە بەڵام هێشتا جێبەجێ نەکراوە.

​مەجید ئێرانمەنەش: بەرپرسی پێشوو لە دامەزراوەی سەرۆکایەتی کۆمار لە بواری زانست و تەکنەلۆژیا کە سەرەڕای دەرچوونی حوکمی دەرکردن، هێشتا لە کەنەدایە.

​سینا ئەردەشیر لاریجانی: برازای عەلی لاریجانی کە بەپێی ڕاپۆرتەکان لە بانکی شاهانەی کەنەدا لە ڤانکۆڤەر لە بواری دابینکردنی دارایی خانوبەرەدا کار دەکات.

​کەنەدا لە ساڵی 2022و دوای گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی و ناڕەزایەتیەکان، چوونە ناوەوەی بەرپرسانی ئێرانی قەدەغە کرد و پاشان لە ساڵی ٢٠٢٤دا ئەم قەدەغەکردنەی فراوانتر کرد تا ئەو کەسانەش بگرێتەوە کە لە ساڵی 2003وە لەناو پێکهاتەی حکومەتدا کاریان کردووە.

​لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆژنامەی «تۆرۆنتۆ ستار» ڕاپۆرتی داوە کە تا ئێستا تەنها یەک بەرپرسی ئێرانی لەو وڵاتە دەرکراوە.

​لە وەڵامی پرسیارەکان سەبارەت بە ئامادەیی هەندێک کەسایەتی ئێرانی لە کەنەدا، ئاژانسی خزمەتگوزارییە سنوورییەکانی ئەو وڵاتە لە پشتڕاستکردنەوە یان ڕەتکردنەوەی ئەم زانیارییانە خۆی بەدوور گرت و ڕایگەیاند کە داتاکانی پەیوەست بە کۆچبەری و سنوورەکان بە زانیاری تایبەتی دادەنرێن و لەژێر یاسای پاراستنی نهێنییەکاندا دەپارێزرێن.

​لە بەرامبەردا، گاری ئانانداسەنگاری، وەزیری ئاسایشی گشتی کەنەدا، هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند کە ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە سەبارەت بە ئامادەیی توخمەکانی سەر بە سوپای پاسداران لە کەنەدا، پشتڕاست نەکراونەتەوە.

​وەزارەتی کۆچ و پەنابەری کەنەدا ڕایگەیاندووە کە تا 5ی مارس، نزیکەی 239 ڤیزای پەیوەست بە بەرپرسانی ئەگەریی ئێرانی هەڵوەشاندووەتەوە.

 

Back to top button