
مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان نامەیەکی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە ناردووە و داوا دەکات، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق دوابخرێت.
دوای ئەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانیەکانی دیکە جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەی پەرلەمانی عێراق هەوڵێکیان بۆ دانیشتنی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەستپێکردووە، لەبەرامبەردا مەسعود بارزانی نامەیەکی بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە ناردووە و دەڵێت :”پێمان وایە کە بانگەوازەکانی ئێستا بۆ بەستنی دانیشتنی پەرلەمان بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پاشان دیاریکردنی سەرۆک وەزیران، پێویستی بە ڕاوێژی زیاتر هەیە بۆ ڕەچاوکردنی شایستەی هەموو پێکهاتەکان لە پرۆسەی سیاسی و بەپێی قەبارەی هەڵبژاردنی خۆیان”.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بەشێکە لەو هەوڵەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەدرێت، وا دەردەکەوێت بارزانی بیەوێت شکست بە هەوڵەکەی یەکێتی و سودانی بهێنێت.

دەقی نامەکەی مەسعود بارزانی بەکوردی
بۆ بەڕێزان سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی
بۆ بەڕێزان سەرکردەکانی ئەنجومەنی سیاسیی نیشتمانی
سڵاوی خواتان لێ بێت..
لە ڕوانگەی پەرۆشی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر گەلی عێراقمان و ئەو تەحەددیاتە چارەنووسسازانەی ئێستا ڕووبەڕووی داهاتوو و سیستەمە سیاسییەکەی بووەتەوە، بەهۆی ئەو شەڕە وێرانکەرەی لە ناوچەکەماندا هەیە و شوێنەوارە ترسناکەکانی لەسەر کۆی گەلانی ناوچەکە، لەم قۆناغە هەستیار و یەکلاکەرەوەیەدا پەیامتان ئاراستە دەکەین؛ بۆ ئەوەی زمانی لێکتێگەیشتن و هاوکاریی هاوبەش زاڵ بکەین و پابەند بین بە پرەنسیپەکانی دەستوور بۆ دوورخستنەوەی عێراق و گەلەکەی لە شەڕ و پاراستنی ئاشتیی ناوخۆیی.
جەخت دەکەینەوە سەر پێویستی چڕکردنەوەی گفتوگۆ دووقۆڵی و بە کۆمەڵەکان لە نێوانماندا بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، و کارکردن بۆ سڕکردنی خاڵە ناکۆکەکان بە مەبەستی گەیشتن بە تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان بەپێی پرەنسیپەکانی شەراکەت، هاوسەنگی و تەبایی نیشتمانی.
هەر بۆیە پێمان وایە کە بانگەوازەکانی ئێستا بۆ بەستنی دانیشتنی پەرلەمان بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پاشان دیاریکردنی سەرۆک وەزیران، پێویستی بە ڕاوێژی زیاتر هەیە بۆ ڕەچاوکردنی شایستەی هەموو پێکهاتەکان لە پرۆسەی سیاسی و بەپێی قەبارەی هەڵبژاردنی خۆیان.
پارتی دیموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتاوە جەختی کردووەتەوە لەسەر گرنگی تێگەیشتنی هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە سیاسییەکانی ئەنجومەنی نیشتمانی بۆ هەڵوێستمان سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، لە ڕێگەی میکانیزمێکی کوردییەوە بۆ لایەنەکان یان کوتلە پەرلەمانییە کوردستانییەکان لەناو پەرلەمان، بە مەبەستی بەدیهێنانی نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە بۆ پێکهاتەی کورد. هەردوو لایەنی “چوارچێوە” و “ئەنجومەن” تا ڕادەیەکی زۆر ئەم میکانیزمەیان بۆ دیاریکردنی نوێنەرەکانی خۆیان گرتووەتە بەر، و پێویستە هەمان میکانیزم بۆ بژاردەی کوردیش پەیڕەو بکرێت.
لە کاتێکدا کە ئێمە درک بەوە دەکەین و پێمان وایە کە تا ئێستا ئەم بژاردانە لەلایەن هێزەکانی چوارچێوە و هێزە کوردستانییەکانەوە یەکلایی نەکراونەتەوە، بەڵام هەوڵدان بۆ پەلەکردن لە کارەکان یان سەپاندنیان، دەبێتە هۆی ئەنجامی پێچەوانە و دابەشبوونی قووڵتر، کە وڵات لەم قۆناغە ورد و هەستیارەدا پێویستی پێی نییە.
بۆیە، لەسەرخۆیی و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی وڵات، پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری کارا و بەردەوام کە ئاسایش و سەلامەتی وڵات بپارێزێت.
لەگەڵ ڕێز و پێزانیندا





