
شەوی ڕابردوو یەکێک لەو درۆنانەی لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندرا، بە ئاڕاستەی بارەگایەکی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەچوو. بەڵام تا ئەم ساتە بەرپرسانی پارتی نایانەوێت باس لە ڕووداوەکە بکەن.
لەپاش ڕاگەیەنراوێکی نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کە تیایدا باسی لەوەکردبوو، لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان قسەی کردووە و ئیدانەی کردنەئامانجی ماڵی ناوبراوی لە دهۆک کردووە، هاووڵاتییان زانییان یەکێک لەو درۆنانەی ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراوە، هاوشێوەی ئەو ڕووداوەش شەوی ڕابردوو درۆنێکی دیکە ئاراستەی بارەگایەکی مەسعود بارزانی کرا، ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەی بەوەدا، درۆنەکە لە ئاسمانی ناوچەکە خراوەتە خوارەوە.
درۆنەکە هیچ زیانێکی بە بارەگاکە نەگەیاندووە و هێزە ئەمنییەکان توانیویانە بیخەنە خوارەوە، لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوە لە درۆنەکە و ئەو ناوچەیەی لێوەی ئاڕاستەکراوە بەردەوامە.
ئێواری ئەمڕۆ سعودیە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و “بە تووندی” ئیدانەی هێرشی سەر بارەگای مەسعود بارزانی و ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکات و دەڵێت، دژی هەر هێرشێکین ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق بخاتە مەترسییەوە.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی حکومەت و ناوەندە سیاسییەکان ئاگاداری هێرشی سەر ماڵی بەرپرسانن، بەڵام لەنێو هەرێمی کوردستان هەوڵێک بۆ شاردنەوەی ڕووداوەکە لە ڕایگشتی هەیە. کورد مۆنیتەر لەگەڵ سەرچاوەیەکی ئەمنی قسەیکرد و سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەدا، لەبەر باری ئەمنی و دروست نەبوونی شڵەژان نایانەوێت وەك هەواڵێک بۆ خەڵکی کوردستانی بڵاوبکەنەوە.
ئێران لەدوای هەردوو هێرشەکە ڕەتیدەکاتەوە هیچکامیان لەلایەن ئەوانەوە ئەنجامدرابێت، حکومەتی عێراقیش بە توندی ئیدانەی کردووە، جگە لەوەش سەرجەم سەرکردە سیاسییەکانی عێراق پەیامی ئیدانەکردنیان بڵاوکردەوە، تەنانەت یەکێک لەو پەیامانەی ئیدانەی هێرشەکەی کردووە ئەبو ئالای وەلائی، ئەمینداری کەتائیبی حزبووڵڵای عێراقییە، کە یەکێکە لە هێزە سەرەکییەکانی بەرەی مقاوەمە و چەند جارێک تێوەگلاون لە هێرشکردنەسەر هەرێمی کوردستان، بۆیە ئێستا دیمەنەکە ناڕوونە و نازانرێت بەڕاستی کێ بکەری پشت ئەو هێرشانەیە، لەکاتێکدا هەموان ئیدانەی دەکەن.
میلیشیا عێراقییەکان تا ڕادەیەک بەشێوەیەکی سەربەخۆ چوونەتە نێو جەنگی عێراقەوە، وادیارە دەیانەوێت عێراق پەلکێشی دۆخێکی ئاڵۆز و کوشندە بکەن، چونکە لەسەر ئاستی سەرکردایەتی سیاسی عێراق و ئەو بەرپرسانەش کە لە ئێرانەوە نزیکن، جوڵەکانی بەرەی مقاوەمە ڕەتدەکرێتەوە، بەڵام هێشتا ئەوان پابەند نین بە بڕیاری حکومەت و جەنگی خۆیان ڕاگەیاندووە، جەنگێک کە دەکرێت عێراق بەرەو گۆشەگیری نێودەوڵەتی و قەیرانێکی قوڵی سیاسی و ئابوریی ببات.





