
- موجتەبا خامنەیی بە نامەیەک پشتیوانیی بۆ مالیکی راگەیاند
- زۆرینەی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ کشانەوەی مالیکین
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار بە کورد مۆنیتەر-ی ڕاگەیاند، موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، نامەیەکی ئاڕاستەی سەرکردە سیاسییەکانی عێراق کردووە، کە تێیدا چەند هەڵوێستی وڵاتەکەی پەیوەست بە بارودۆخی ئێستا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق دا خستووەتەڕوو.
سەرچاوەکەی قسەی بۆ کورد مۆنیتەر کرد گوتی: شاندێکی شیعەکان کە پێکهاتبوون لە هومام حەمودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی، ئەبو فەدەک ئەلمەحەمەداوی سەرۆکی ئەرکانی دەستەی حەشدی شەعبی، لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە بەغدا سەردانی نوری مالیکیان کردووە و نامەکەی موجتەبا خامنەییان پێشکەشکردووە”.
لەنامەکەدا موجتەبا خامنەیی “سوپاسی گەلی عێراقی کردووە بۆ پشتگیری و هاوکارییەکانیان بۆ ئێران لە جەنگی ئێستادا، هەروەها جەختی کردووەتەوە کە تاران ئەم هەڵوێستە لەبیرناکات”.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کرد: “نامەکە جەختکردنەوەی ئێرانی تێدابوو بۆ وەستان لە پاڵ عێراقییەکاندا، جگە لە پشتگیریکردنی هەڵوێستی چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە کاندیدکردنی نوری مالیکی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق”.
ئەوەش لەکاتێکدایە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە شەوی یەکشەممە کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا، بەها ئەعرەجی یەکێکە لە سەرکردەکانی هاوپەیمانێتیەکەی سودانی و سەرۆکی فراکسیۆنەکەیەتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەو لە نوێترین چاوپێکەوتندا گوتی: بڕیاری كشانەوەی كاندیدبونی نوری مالیكی بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دراو.





