
بڕیارە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا شێوازێکی نوێ لە ناو هاوپەیمانێتیی ناتۆدا پەیڕەو بکات، کە لەسەر بنەمای (پارە بدە و بەردەوامبە) کار دەکات؛ بە جۆرێک ئەو وڵاتانەی پابەند نەبن بە پێدانی ڕێژەیەکی دیاریکراوی خەرجیی بەرگریی، ڕێگرییان لێ دەکرێت لە بەشداریکردن لە بڕیارە ستراتیژییەکانی ناتۆ-دا.
بەپێی ئەم تێڕوانینەی ترەمپ، ئەو وڵاتانەی ناتوانن بەشداربن لە دابینکردنی بوودجەی بەرگریی ناتۆ، ڕەنگە بێبەش بکرێن لە دەنگدان لەسەر پرسە بنەڕەتییەکان، لەوانەش بڕیارەکانی پەیوەست بە جەنگ. ئەم ئاڕاستەیە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک پلاندایە کە سەرۆکی ئەمریکا ئێستا لەبەردەستیدایە و لێکۆڵینەوەی لێدەکات، ئەمەش دوای ئەوەی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناتۆ داواکارییەکەیان بۆ ناردنی کەشتیی جەنگی بۆ دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز ڕەتکردەوە، ئەوەش وای لە ترەمپ بیر لە بژاردەی تر بکاتەوە، لەوانە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەڵمانیا.
پێوەرەکانی خەرجیی بەرگری
وڵاتانی ناتۆ پێشتر پابەند ببوون بە خەرجکردنی لانی کەم 2%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆییان بۆ کاروباری بەرگری، ئەوەش دوای ئەو فشارانەی کە ترەمپ لە ساڵی 2018وە دروستی کردن، بۆ دوو هێندەکردنی تەمویلی سەربازیی. لە بەرامبەردا، پێشنیازە نوێیەکە ئاستی دابینکردنی بڕەکە بۆ 5% بەرز دەکاتەوە، کە مارک ڕوتە، ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەڵێت: دەبێ سەرکردەکان پلانێکی ڕوونی بۆ دابنێن تا لە لووتکەی چاوەڕوانکراوی تورکیادا لە کۆتایی ئەمساڵدا جێبەجێ بکرێت.
بەپێی سەرچاوەیەک لە ئیدارەی ئەمریکا کە بۆ ڕۆژنامەی “تەلەگراف” قسەیکردووە: “حاڵەتێکی ناڕەزایی زۆر ڕوون لە هەڵوێستی ئەوروپییەکان هەبووە”، هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەر وڵاتێک پابەندی پێدانی ئەو ڕێژە نوێیە نەبێت، ئەوا نابێت ڕێگەی پێ بدرێت دەنگ لەسەر خەرجییەکانی داهاتووی ناو ناتۆ بدات.” سەرچاوەیەکی تری ئەمریکی جەختی لەسەر پێویستیی دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی فراوانتر کردەوە، سەبارەت بە سروشتی هەڕەشەکان و ڕۆڵی هاوپەیمانێتییەکە، و هەڵوێستی وڵاتانی وەک ئیسپانیا و بەریتانیای لەجەنگی ئێران، بە “قبوڵنەکراو” ناوبردووە.
ئەگەر ئیدارەیەکی ترەمپ لە داهاتوودا پاڵ بە ئەندامانی ناتۆوە بنێت کە خەرجییەکانی بەرگری بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەن، ئەوا تورکیا ڕووبەڕووی ئاڵنگاریی ئابووری و سیاسی و ستراتیژی دەبێتەوە.
تورکیا لە ئێستادا کەمێک لەسەرووی 2% بەرهەمی ناوخۆیی بۆ ناتۆ خەرج دەکات، بەڵام زیادکردنی ئەو ڕێژەیە، ئابوورییە ناسکەکەی تووشی کێشە دەکات، ئەوەش ئەنقەرە دووچاری ئەم کێشانە دەکات:
هەڵاوسانی زیاتر
ناجێگیری دراو (ناسەقامگیری لیرە)
کورتهێنانی بودجە
ئەگەر خەرجییەکانی ناتۆ بەرزببنەوە، پێدەچێت تورکیا وەبەرهێنانی زیاتر لە بواری بەرگریدا بکات، بەڵام ڕووبەڕووی سنووردارکردن بۆ چەکی ڕۆژئاوا دەبێتەوە (بۆ نموونە، لابردنی بەرنامەی F-35) هەربۆیە تورکیا ئێستا پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی لە پیشەسازیی سەربازیی دەبەستێت.
ئەگەر خەرجییەکانی ناتۆ لە سەردەمی ترەمپدا زیاد بکات، ئەوا تورکیا لە پرسی هەژموون و فراوانخوازیی لە ناوچەکە پاشەکشە دەکات، چونکە ناچارە بەشێک لە بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکەی، بۆ پارەدارکردنی ناتۆ بەکاربهێنێت.
ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ لە نێوان ترەمپ و ئەوروپییەکان ڕوودەدات؟
ڕاپۆرتی ساڵانەی ناتۆ کە ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو بڵاوکرایەوە، دەریخستووە کە بەریتانیا ساڵی ڕابردوو 2.3%ی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی لە بەرگریدا خەرج کردووە، کە بە جیاوازییەکی کەم لە پێش ڕۆمانیا، بولگاریا و مەکدۆنیاوەیە. سەرەڕای ئەوەش، جێبەجێکردنی ئەم هەموارکردنانە پێویستی بە کۆدەنگی هەموو ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە هەیە، کە ئەمەش ئەگەری ڕەتکردنەوەی لەلایەن چەند وڵاتێکی نیو ناتۆ هەیە، هەربۆیە چاوەڕێی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ لە نێوان ترەمپ و هاوبەشە ئەوروپییەکانی دەکرێت.
ئەم تێڕوانینانە هاوکاتن لەگەڵ پەرەسەندنی سەربازی و سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە تێیدا ترەمپ بڕیاری داوە هەزاران سەربازی ئەمریکی ڕەوانەی ناوچەکە بکات، وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشی زەمینیی، ئەوەش دوای ئەوەی وڵاتانی ناتۆ بەشداریکردنیان لە پاراستنی گەرووی هورمز ڕەتکردەوە.
ترەمپ تۆنی قسەکانی بەرامبەر سەرکردەکانی ئەوروپا توندتر کردووەتەوە و ڕەخنەی توندی لێ گرتوون، بەهۆی ڕەتکردنەوەی بەشداریکردن لە کردنەوەی گەرووەکە. هەفتەی ڕابردوو ترەمپ گوتی: “ئەوان گلەیی لە بەرزیی نرخی نەوت دەکەن کە ناچارن بیدەن، بەڵام ڕەتیدەکەنەوە مانۆڕێکی سەربازیی سادە بکەن کە تاکە هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان”.
ترەمپ لە سووکایەتیکردن بە سەرکردە ئەوروپییەکان ناوەستێت، بەتایبەت سەرۆ کوەزیرانی بەریتانیا، بە جۆرێک گوتی ئەو (کییەر ستارمەر) وینستۆن چەرچڵ نییە، هەروەها ڤیدیۆیەکی گاڵتەجاڕانەی بڵاوکردەوە کە تێیدا وەک کەسێکی ترسنۆک لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەودا دەردەکەوێت. ترەمپ “بێئومێدیی گەورە”ی خۆی لە هەڵوێستی ستارمەر بەرامبەر ململانێ لەگەڵ ئێران دەربڕیوە، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای تۆمەتبار کرد بەوەی، درەنگ هەڵوێستی خۆی لەبارەی جەنگی ئێران نیشاندا و ڕازیبوو بە بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی بەریتانیا لەلایەن ئەمریکاوە بۆ هێرشکردنەسەر ئێران.





