بۆ یەکلاکردنەوەی سەرۆک کۆمار مالیکی پێشنیازێک بە سوودی پارتی دەخاتەڕوو

لەگەڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان لەژێر هێرشی درۆن و مووشەکەکانی بەرەی مقاوەمە و کۆماری ئیسلامی ئێراندایە، بەڵام شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەچنە بەغدا. نوری مالیکی-ش پێشنیازێکی نوێی ئامادەکردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کورد مۆنیتەر، شاندەکەی پارتی بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی و ئەندامێتی نەوزاد هادی، فەوزی هەریری و د. ئومێد سەباح دەبێت، لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆدەبنەوە و دوو بابەت باس دەکەن، یەکەمیان سەرۆک کۆمارە و ڕۆژی 11-4 وەک وادەی هەڵبژاردنەکەی دیاریکراوە.

بابەتی دووەم بەگوێرەی زانیارییەکانی کورد مۆنیتەر ئەو هێرشانەن کە دەکرێنەسەر هەرێمی کوردستان و شاندەکەی پارتی ئەو بابەتە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق تاوتوێدەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدا ئەوەی بۆ کورد مۆنیتەر ئاشکراکرد، نوری مالکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا و کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیران داوا دەکات پرسی سەرۆک کۆمار لەنێو ماڵی کوردیی یەکلابکرێتەوە، هەرکات ئەوە ڕوویدا ئەوکاتە بە یەک پاکێج سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرێت و ڕاستەوخۆش هەر لەو دانیشتنەدا سەرۆک وەزیران ڕابسپێردرێت.

وەك سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر گوتی “مالکی چاوی لەوەیە لە پرسی سەرۆک کۆمار هاوکاریی پارتی بکات، بۆئەوەی لەبەرامبەردا پارتی لە ڕاسپاردنی سەرۆک وەزیران هاوکاریی ئەو بکاتەوە”.

Back to top button