
ڕۆژانێک پشتیوانیی لە هێزە ئەمنیەکانی عێراق دەکرد و دەنگ و ڕەنگ و سەرکەوتنی ئەوانی بەسەر داعش دا، بە جیهان دەگەیاند. بەڵام میلیشیاکان وەك ئەوەی ڕابردوویان بیرچوبێتەوە، شێلی کیتلسن، ڕۆژنامەوانی ئەمریکییان لە ناوەڕاستی شاری بەغدا ڕفاند.
کیتلسن ڕۆژنامەوانێکی ناسراوی ئەمریک بوو، ڕۆژی سێشەممە لە شەقامی سەعدوون-ی ناوەڕاستی بەغدا رفێندرا. وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، لە ئۆپەراسیۆنێکی راوەدوونان دا یەکێک لە رفێنەرەکان دەستگیرکراوە و گەڕان بۆ دۆزینەوەی رۆژنامەوانەکە بەردەوامە.
هونەرمەند و ڕۆژنامەنووسی فەڕەنسی لویس سیبرۆ، زانیاری نوێی دەربارەی ڕفاندنی ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە ئاشکرا کرد و جەختی کردەوە، ئەو یەکێکە لە کەسە ناسراوەکانی ڕاگەیاندن کە ساڵانێکی درێژ لە عێراق کاری کردووە. دیارترین پشتیوانی هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بووە لە کاتی شەڕی دژی داعشدا، چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی باڵا ئەنجامداوە، لەوانەش فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، ئاماژەی بەوەش کرد کە ڕفاندنەکەی بە شێوەیەکی کتوپڕ و بێ پاساو بووە.
ڕوونیشی کردەوە کە ئەو ڕۆژنامەنووسە، سەرەڕای ئەوەی ڕەگەزنامەی ئەمریکی هەیە، بەڵام لە دەرەوەی کاتەکانی کارکردنی لە ڕۆما نیشتەجێیە و ڕەگەزنامەی ئیتاڵیشی هەیە، ئاماژەی بەوەش دا کە بۆ ماوەیەکی درێژ لە ناو عێراق ژیاوە و خۆی بە بەشێک لە کۆمەڵگەی عێراقی دەزانێت.
شارەزایان دەڵێن، ڕووداوی ڕفاندنی ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەمریکیە جیاوازە لە کەیسەکانی پێشوو، وەک کێشەکەی “ئێلیزابێس تسورکۆڤ”، چونکە کیتلسن بە هەڵوێستە پیشەییەکانی و پشتیوانیکردنی لە سەقامگیری عێراق ناسراوە.
سیبرۆ ئاماژەی بەوە کرد کە لایەنی ڕفێنەر دەچێتە چوارچێوەی “زیان بەخۆگەیاندن”، چونکە ئەو یەکێک بووە لەو کەسایەتییانەی کاری کردووە بۆ باشترکردنی وێنەی عێراق لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. ئەوەشی خستەڕوو کە ئەو ڕۆژنامەنووسە خاوەنی بارودۆخێکی دارایی باش نییە و لە هۆتێلێکی سادە لە شەقامی سەعدون نیشتەجێ بووە، ئەمەش گریمانەی هەبوونی پاڵنەری دارایی لە پشت ڕفاندنەکەیەوە ڕەتدەکاتەوە.
سیبرۆ هۆشداری دا کە بەردەوامی بە ئامانجگرتنی ڕۆژنامەنووسان و بیانییەکانی ناو عێراق لەوانەیە ئەنجامی پێچەوانەی هەبێت و کاریگەری نەرێنی لەسەر ناوبانگی وڵات دابنێت، داواشی کرد بە زووترین کات ئازاد بکرێت. لە کۆتایی قسەکانیدا متمانەی خۆی بە توانای دەزگا ئەمنییەکانی عێراق نیشاندا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیەیە و جەختی لە پێویستی جووڵەی خێرا کردەوە بۆ کۆتایی هێنان بە ڕووداوەکە و دوورکەوتنەوە لە لێکەوتەکانی لەسەر وێنەی عێراق لە جیهاندا.
زانیارییە سەرەتاییەکان کە لە هەندێک سەکۆی سیاسی بڵاوکراونەتەوە باس لە ئەگەری تێوەگلانی لایەنێکی سەر بە لیوای 45ی ناو دەستەی حەشدی شەعبی دەکەن، بەڵام هێشتا میلیشیا شیعەکان لەوبارەیەوە بێدەنگن.
پێشتر سەرچاوەیەکی ئەمنی ڕایگەیاندبوو کە دەزگا ئەمنییەکانی عێراق دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی بێسەروشوێنبوونی ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی لە شەقامی سەعدون لە ناوەڕاستی بەغداد.
شێلی کیتلسن ڕەگەزنامەی ئەمریکی هەیە، بەڵام ساڵانێکە لە ئیتاڵیا نیشتەجێیە و لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ئیتاڵیا کار دەکات، جگە لە کارکردنی وەک ڕۆژنامەنووسێکی سەربەخۆ لە چەندین ماڵپەڕ و ڕۆژنامەی ئەلیکترۆنی، لەوانە ڕۆژنامەی “مۆنیتەر”.





