
پسپۆڕێکی ستراتیژیی و شارەزا لە کاروباری ئەمنی عێراق ڕایگەیاند، ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییەی ڕفێندراوە، ڕاستەوخۆ گوازراوەتەوە بۆ ناوچەی جورف ئەلسەخەر، “کە بە بنکەیەکی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران دادەنرێت و بارەگای گروپە چەکدارەکانی تێدایە، لە سەروو هەموویانەوە کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی”. ئەوەش بەقسەی شارەزا ئەمنیەکە.
ئەحمەد شەریفی، شارەزای ئەمنی بە کورد مۆنیتەر-ی راگەیاند، بەیاننامەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق کە دەڵێت ڕفێنەرەکان لەگەڵ ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە بەرەو پارێزگای بابل چوون، ئەمە بەو مانایەیە کە ئەوان بەرەو ناوچەی جورف ئەلسەخەر چوون، کە بنکەیەکی سوپای پاسدارانی ئێرانی لێیە، لەگەڵ بنکە و بارەگای گروپە میلیشیاییەکان، لەسەروو هەموویانەوە کەتائیبی حزبوڵڵای عێراقی”.
ناحیەی جورف ئەلسەخەر نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژئاوای بەغدا و باکووری شاری موسەیب دوورە، ڕووبەرەکەی 283 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە، نزیکەی 140 هەزار کەسی تێدا نیشتەجێ بووە، کە زۆربەیان لە هۆزی جەنابی سوننە مەزهەب بوون و جوتیار بوون، چونکە ناوچەکە دەکەوێتە لای ڕاستی ڕووباری فورات. سەرەتا داعش دەستی بەسەردا گرت و هەموو دانیشتووانەکەی دەرکرد، تاوەکو لە ساڵی 2014 لەلایەن سوپای عێراق و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە ڕزگارکرا، دواتر حەشدی شەعبی و گروپە چەکدارەکان دەستیان بەسەردا گرت، تاوەکو ئەمڕۆش ڕێگرییان لە گەڕانەوەی خەڵکەکەی کردووە بۆ سەر ماڵ و زەوییەکانیان لەو ناوچەیە.
ئەحمەد شەریفی ئاماژەی بەوەشدا، کەتائیبی حزبوڵڵا بە ڕفاندنی ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییە، هەوڵ نادات دەستکەوتێک لەواشنتۆنەوە چنگ بخات، چونکە دەزانن ئیدارەی ئەمریکا بۆ هیچ فشارێک نهرم نابێت، بەڵام وەک قەڵغانی مرۆیی بەکاری دەهێنن بۆ ڕێگریکردن لە ئەمریکا یان ئیسرائیل لە بۆردومانکردنی جورف ئەلسەخەر، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر”. شەریفی گوتیشی: “من شێوازی گروپە چەکدارەکان، بەتایبەتی کەتائیبی حزبوڵڵا زۆر باش و لە نزیکەوە دەناسم، ئەوان دەیانەوێت ئاگر لە جورف ئەلسەخەر دووربخەنەوە، ناوچەکە تا ئێستا لەبەردەم هەر لایەنێکی ئەمنی یان سیاسی عێراقی پارێزراو بووە، ئێستاش بەهۆی ئەو لێدانە مووشەکییانەی دەکرێتە سەریان، هەست بە لاوازی دەکەن، بۆیە نایانەوێت ئەو ناوچە ستراتیژییە لەدەست بدەن”.
ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییەکە سەرەتا لە بەغدا ڕفێنرا، دواتر لەڕێگەی گواستنەوەدا ئەو ئۆتۆمبێلەی ڕۆژنامەنووسەکەی تێدا بووە وەرگەڕاوە، هەر بۆیە گواستراوەتەوە بۆ نێو ئۆتۆمبێلێکی دیکە و براوەتە بابل.
دەربارەی ئەوەی بۆچی حکومەتی عێراق ناتوانێت شوێنی ڕفێنەرەکان بدۆزێتەوە، لەکاتێکدا یەکێکیانی دەستگیرکردووە، ئەحمەد شەریفی بۆ کورد مۆنیتەر گوتی: “حکومەتی عێراق بەدڵنیاییەوە شوێنی ڕۆژنامەنووسە ڕفێندراوەکە دەزانێت، بەڵام ناتوانێت ڕووبەڕووی کەتائیبی حزبوڵڵا ببێتەوە، هەروەها هیچ کەسێک ناتوانێت بگاتە جورف ئەلسەخەر، ئەمەش شتێکی زانراوە”.





