بوشەهر؛ ڕووسیا دەتوانێت بەهێزترین کارتی ئەتۆمیی لەدەستی خۆیدا بهێڵێتەوە؟

 

وێستگەی بوشەهر بووەتە چەقێکی گرژییە نوێیەکانی ناوچەکە، ئەمەش لەگەڵ زیادبوونی مەترسییەکان بۆ بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییە هەستیارەکانی ئێران. ئەم دۆخە مۆسکۆی ناچار کردووە ئامرازەکانی بۆ پاراستنی وێستگەکە سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە.

وێستگەی بوشەهر دەکەوێتە کەناراوەکانی کەنداو، ڕیاکتەری جۆری “WWER-1000″ی هەیە بە توانای هەزار مێگاوات،وێستگەکە لەژێر چاودێری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیدایە، لەگەڵ پشت بەستن بە سووتەمەنی ڕووسی کە دوای بەکارهێنانی دەگەڕێنرێتەوە بۆ مۆسکۆ.

دمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین ڕایگەیاند: “ڕووسیا لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەبارەت بە دۆخی وێستگەی بوشەهر” ئەو بەرپرسە ڕووسییە جەختیشی کردەوە لەوەی، مۆسکۆ لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنە سەربازییەکان دەکات.

لەلایەکی ترەوە، ئەلێکسی لیخاتشێف، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای ڕووس ئەتۆم ڕایگەیاند کە سەلامەتی وێستگەی بوشەهر چیتر هێڵی سوور نییە وەک پێشتر، ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە بەئامانجگرتنێک لە ناوچەی وێستگەی پەمپکردن (کە بەشێکی زیندووی سیستەمی ئەمنییە) تۆمارکراوە، ئەمەشی بە ئاماژەیەکی مەترسیدار بۆ گۆڕانی ڕێساکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەم جەنگەدا وەسف کرد.

لیخاتشێف ڕێکارە مەیدانییەکانی مۆسکۆی ئاشکرا کرد و وتی: 163 شارەزای زیادەمان لە چوارچێوەی قۆناغی سێیەمی چۆڵکردندا گواستووەتەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش دا، ژمارەی شارەزا ڕووسەکان لە شوێنەکەدا بۆ کەمترین ئاست کەمکراوەتەوە بۆ دڵنیابوون لە بەردەوامی کارکردن بەبێ خستنە مەترسیی ژیانی کارمەندەکان.

ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی کرد و جەختی کردەوە کە “هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، لەوانەش بوشەهر، پێشێلکارییەکی زەقی یاسا نێودەوڵەتییەکانە”. لە بەرامبەردا، ئیسماعیل بەقائیی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بوشەهر و ئەراک و ئەسفەهان، تاوانێکی ڕوونن و پێچەوانەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایش و ڕێساکانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمین. بەقایی ڕەخنەی لە ڕافائیل گڕۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسەکە گرت و گوتی: هەڵوێستی ئەو هەڵەیە و لە جیاتی سەرکۆنەکردنی ئەم پێشێلکارییانە، بێدەنگی هەڵبژاردووە.

لە بەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، ڕاگرتنی بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزەی ئێران درێژ دەکەنەوە و گوتی: “10ڕۆژی تر مۆڵەت دەدەین، چونکە گفتوگۆکان زۆر بە باشی بەڕێوە دەچن”. هاوکات هەندێک ڕاپۆرت باس لە پێشنیازێکی ئەمریکی دەکەن بۆ ئاگربەستێکی کاتی لە بەرامبەر هەنگاوەکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، بەڵام تاران ڕەتی کردووەتەوە و بە “ناھاوسەنگ” وەسفی کردووە.

ئۆدێد جۆزێف، باڵیۆزی ئیسرائیل لە مۆسکۆ، جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی نیگەرانییەکانی ڕووسیا سەبارەت بە بوشەهر لەبەر چاو دەگرێت و وێستگەکە ئامانج نییە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا. سەرەڕای ئەوەش، بنیامین نەتانیاهۆ بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ڕاگەیاند و جەختی کردەوە لەوەی، هەڵمەتەکە دژی ئێران بە هەموو هێزێکەوە بەردەوام دەبێت.

ڕامی قەلیوبی، مامۆستا لە قوتابخانەی باڵای ئابووری لە مۆسکۆ، ئاماژەی بەوە دا، توانای ڕووسیا بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی تەواوی وێستگەکە سنووردارە، هەبوونی پارچە و پاشماوەی مووشەک لە ناو سنووری وێستگەکە نیشانەی مەترسییەکە.

قەلیوبی باسی لەوەشکرد، مۆسکۆ دەستیکردووە بە چۆڵکردنی نیشتەجێ مەدەنییەکان لە دەوروبەری بوشەهر وەک هەنگاوێکی پێشوەختە، بەڵام ئەمە بە واتای کۆتاییهاتنی مەترسییەکە نییە. گوتیشی ڕەنگە ڕووسیا وێستگەکە وەک کارتی فشار بەکاربهێنێت، هاوشێوەی ئەوەی لە “زابۆرۆژیا” ڕوویدا، بۆ ئەوەی نەیارەکانی وەک لایەنی بەرپرسیار لە گرژییەکان نیشان بدات.

لەلایەکی ترەوە، مستەفا خەفاجی، شرۆڤەکاری سیاسی، جەختی کردەوە کە بوشەهر یەکێکە لە گرنگترین سەرمایەکانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و بوونی سەدان شارەزای ڕووسی لە ناو وێستگەکەدا خۆی لە خۆیدا پەیامێکی ڕێگرییە و وا دەکات لایەنەکانی تر دوور بکەونەوە لە بەئامانجگرتنی، چونکە دەزانن هەر زیانێک بەر بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا بکەوێت لێکەوتەی توندی دەبێت. جەختیشی کردەوە کە جموجوڵی ڕووسیا، چ لە ڕێگەی فشاری دیپلۆماسی یان پەیوەندی سیاسی، چەترێکی ڕێژەیی بۆ پاراستنی وێستگەکە دروست کردووە، تا جەنگەکە پەیوەست بە بوشەهر نەخزێت بەرەو سیناریۆی مەترسیدار.

 

Back to top button