ئەو پێگانەی ترەمپ بڕیار دەدات لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا بکرێنە ئامانج

 

بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی دەستەی پەخشی ئیسرائیل، سوپای ئەو وڵاتە خۆی بۆ دوو هەفتەی تری جەنگ لەناو خاکی ئێراندا ئامادە دەکات. دەستەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئەمریکییەکە لە ئێران، ڕەنگە ببێتە هۆی پەرچەکردارێکی توندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، کە بەردەوامبوونی جەنگ بۆ دوو هەفتەی تر، بەو واتایەیە کە جەنگەکە لەو ماوەیەی بۆی دیاریکرابوو تێدەپەڕێت؛ چونکە پلانی سەرەتایی بۆ ماوەی مانگێک تا مانگ و نیوێک بوو، لە کاتێکدا سبەینێ شەممە جەنگەکە دەچێتە هەفتەی شەشەمیەوە.

ئابووریی ئێران ئامانجی داهاتووی ئەم هەڵمەتە سەربازییە دەبێت. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل و ئەمریکا ڕایانگەیاندبوو کە هەڵمەتە سەربازییەکە لە “قۆناغە کۆتاییەکانیدایە” دوای ئەوەی هێرشەکان بۆ سەر پیشەسازییە بەرگرییەکانی ئێران تەواو بوون.

بەپێی وتەی بەرپرسە ئەمنییەکان، ئیسرائیل لیستێکی لەو ئامانجانە ئامادە کردووە کە لە هەفتەکانی داهاتوودا هێرشیان دەکرێتە سەر، ئاماژەیان بەوەش کردووە کە پێشبینی دەکرێت ئەمە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر گەلی ئێران هەبێت.

ئامانجەکان بریتین لە:

ژێرخانی نیشتمانی و پردەکان

ئەو ئامانجانەی تا ئێستا زۆر هێرشیان نەکراوەتە سەر، وەک دامەزراوەکانی وزە و نەوت.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لیستی ئامانجە فراوانەکان کە لەلایەن ئیسرائیل و ئەمریکاوە ئامادە کراوە، تا ئێستا ڕەزامەندی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای لەسەر نییە، چونکە ناوبراو هێشتا دەستبەرداری بژاردەی دانوستان لەگەڵ تاران نەبووە.

دەستەی پەخشی ئیسرائیل لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە گواستییەوە کە هێرشەکەی دوێنێ بۆ سەر پردی نێوان کەرەج و تاران، وەک ئاماژەیەکی ئەمریکا بووە بۆ ڕژێمی ئێران سەبارەت بە جدیبوونی نییەتەکانی ئەمریکا لە داهاتوودا.

Back to top button