
خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جۆری F-15Eی ئەمریکی لە ئێران، شۆکێکی گەورەی بۆ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دروست کردووە، بەتایبەت کە فڕۆکەوانەکە بە زیندوویی ڕزگارکراوە بەڵام ئەفسەری یارمەتیدەر هێشتا بێسەروشوێنە؛ ئەمەش جەنگەکە بەرەو قەیرانێکی شەخسیی بارمتەکان دەبات کە هاوشێوەی “کارەساتەکەی” جیمی کارتەری سەرۆکی پێشووی ئەمریکایە لە ساڵی 1979دا.
ئێران پەنای بۆ جەنگێکی ناهاوسەنگ بردووە لە ڕێگەی درۆن و مووشەکەوە، بۆ پەکخستنی دەسەڵاتی واشنتۆن لە ئاسمانی وڵاتەکەی، کۆشکی سپی ئەمە بە دوا “سەمای مردن” وەسف دەکات لە ناوەڕاستی زیانە قورسەکانی تاراندا.
فڕۆکەی F-15E Strike Eagle دوو کورسی تێدایە (فڕۆکەوانێک و ئەفسەرێکی سیستمی مووشەکەکان)، بەپێی وێنەی تێکشکانی فڕۆکەکە کە تۆز و خۆڵ دایپۆشیوون، شارەزایان پێشبینی دەکەن ئەفسەرەکە بێسەروشوێن بوبێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی تایمز -ی بەریتانی، تاران باش دەزانێت کە تەنها یەک بارمتەی ئەمریکی بەسە بۆ ئەوەی جەنگەکە بگۆڕێت بۆ قەیرانێکی سیاسی و شەخسی بۆ دۆناڵد ترەمپ، چونکە سەرۆکی ئەمریکا لە هەفتەکانی ڕابردوودا شانازی بەوەوە دەکرد کە بەرگریی ئاسمانی ئێرانی بەتەواوی تێکشکاندووە و گوتی “فڕۆکەکانمان بەبێ هیچ ڕێگرییەک بەسەر تاراندا دەفڕن”.
بەڵام دوای بەکارهێنانی زیاتر لە 850 مووشەکی تۆماهۆک کە تێچووی هەر دانەیەکیان 3.6 ملیۆن دۆلارە، پێنتاگۆن فەرمانی دا بە بەکارهێنانی بۆمبە هەرزانەکانی جۆری JDAM، ترەمپیش ئەمەی وەک سەرکەوتنی تەواوی ئەمریکا هەژمار کرد. بەڵام خستنەخوارەوەی فڕۆکە F-15Eکە، ئەو خۆشییەی کردە خەم و یادەوەرییەکانی سەردەمی گەنجی بیرهێنایەوە، کاتێک لە ساڵی 1979دا بە توندی ڕەخنەی لە جیمی کارتەر دەگرت بەهۆی شکستهێنانی لە ڕزگارکردنی 66 بارمتەی ئەمریکی لە ئێران.
چارەنووسی کارتەر
ترەمپ ئەو کاتە کە تەمەنی 34 ساڵ بوو، گوتبووی: “بە بارمتەگرتنی خەڵکی ئێمە کارێکی پێکەنیناوییە، وەستانی ئەمریکا بە دەستەوەستانی لەبەردەم ئێراندا کارێکی تۆقێنەرە. بەڵام کارتەر لە ساڵی 1980دا ڕەزامەندی لەسەر پرۆسەی چنگی هەڵۆ دەربڕی، کە بە کوژرانی هەشت سەربازی ئەمریکی لە بیابان کۆتایی هات و بووە هۆی هەرەسهێنانی ژیانی سیاسی ئەو.
ئێستا دوای 46 ساڵ، ترەمپ خۆی لەبەردەم سیناریۆیەکی هاوشێوەدا دەبینێتەوە. دواین ڕزگارکردنی سەرکەوتووانەی فڕۆکەوانێکی ئەمریکی لە ناوچەیەکی دوژمنکارانەدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1999 لە سێبربیا، کاتێک لیوای دووەم (دێڵ زیلکۆ) تەنها 45 چرکە دوای نیشتنەوەی هێلیکۆپتەرەکان ڕزگارکرا.
ترەمپ ڕۆژی هەینی خۆی ڕاستەوخۆ لە کۆشکی سپییەوە چاودێری پرۆسەکەی دەکرد، چونکە دەزانێت هەر شکستێک لەوانەیە کارەساتەکە گەورەتر بکات. دوو هێلیکۆپتەری ئاپاچی بینراون کە ناوچەکەیان لە ژێر هەڕەشەی بەرگرییەکانی ئێراندا دەپشکنی.
دوای چەند کاتژمێرێکی کەم، ئارامییەکی ڕێژەیی هاتە کایەوە، کاتێک هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا توانییان فڕۆکەوانەکە ڕزگار بکەن کە بە زیندوویی دۆزرایەوە و چارەسەر وەردەگرت، بەڵام ئەفسەری سیستمی مووشەکەکان هێشتا بێسەروشوێنە.
بەپێی ڕۆژنامەی تایمز، تا ئەو کاتەی چارەنووسی ئەفسەرەکە بە نادیاری بمێنێتەوە، جەنگەکەی ترەمپ دژی ئێران لەژێر گەمارۆی قەیرانی بارمتەکاندا دەمێنێتەوە، ئەمەش هەڕەشەی ئەوە لە ترەمپ دەکات کە تووشی هەمان چارەنووسی جیمی کارتەر ببێت.





