تێچووی ڕزگارکردنی ئەفسەرە ئەمریکییەکە 300 ملیۆن دۆلار لەسەر ئەمریکا کەوتووە

سەرۆکی ئەمریکا بۆ ڕزگاردنی فرۆکەوانەکەی، زیاتر لە 300 ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە، ترەمپ بە سەرکەوتنی دەزانێت و شارەزایانیش بە کەلێنێکی گەورەی هێزی سەربازیی ئەمریکا ناویدەبەن.

سادق عەبدوڵڵا، شارەزای کاروباری ئەمنی، ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند کە پرۆسەی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکە لە شاخەکانی ناو خاکی ئێران، تێچووەکەی 300 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوەی ڕوویدا گوزارشتە لە “سەرلێشێواوییەکی گەورە کە شوێنەواری درێژخایەن لەناو دامەزراوەی سەربازیی ئەمریکادا جێدەهێڵێت”.

سادق عەبدوڵڵا لە نوسینێکدا دەڵێت “خستنەخوارەوەی فڕۆکەی (F-15) پێش چەند ڕۆژێک و ئەو گەڕانە فراوانەی بەدوایدا هات بۆ دۆزینەوەی فڕۆکەوانەکان، بەتایبەت فڕۆکەوانی دووەم کە شوێنەواری نادیار بوو، پێویستی بە ئامادەباشییەکی بێوێنەی هێزی ئاسمانیی ئەمریکا هەبوو بۆ چەندین ڕۆژ”. ڕوونیشی کردەوە کە “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەموو تواناکانی خۆی، بەتایبەت لە ڕووی هەواڵگرییەوە، خستە گەڕ بۆ دەستنیشانکردنی شوێنی ئەفسەرەکەی و ئەنجامدانی پرۆسەیەکی ڕزگارکردنی ئاڵۆز لە ناو قووڵایی خاکی دوژمندا”.

گوتیشی: “پرۆسەی ڕزگارکردنەکە پێویستی بە جووڵاندنی فڕۆکەکانی (C-130) هەبووە، لەگەڵ فڕۆکەی دیکە بۆ دابینکردنی چەتری پاراستنی ئاسمانیی و پاڵپشتی بۆ هێزێکی کۆماندۆ کە پرۆسەکەی لە قووڵایی خاکی ئێران دا ئەنجام داوە”. ئاماژەی بەوەش کرد کە “سەرەڕای ئەوەی واشنتۆن سەرکەوتنی پرۆسەی ڕزگارکردن و گواستنەوەی فڕۆکەوانەکەی ڕاگەیاند، بەڵام زیانە ماددییەکان بە گەورەیی دەمێننەوە”.

زیانەکان 300 ملیۆن دۆلار تێدەپەڕێنن

عەبدوڵڵا ڕوونی کردەوە کە “زیانەکان بریتین لە تێکشکانی دوو فڕۆکەی جۆری (C-130) و تێکشکانی فڕۆکەیەکی (F-15) کە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکیەوە ئەمریکا ناچاربوو لەخاکی ئێران تێکیان بشکێنێت و نەکەونە دەست ئێران، جگە لە چەندین زیانی دیکە کە هەندێکیان ڕاگەیەندراون”. جەختیشی کردەوە کە “تەنها زیانە ڕاگەیەندراوەکان لەوانەیە 300 ملیۆن دۆلار تێپەڕێنن، ئەگەری هەیە ژمارەکە زۆر زیاتر بەرز بێتەوە ئەگەر تێچووی کاتژمێرە زۆرەکانی فڕین و بەکارهێنانی ئامێرەکان و ماندووبوونی مرۆیی هەژمار بکرێن”.

ئەو شارەزا ستراتیژییە ئاماژەی بەوەش کرد کە “ئەوەی ڕوویدا سەرلێشێواوییەکی ڕوونی ئەمریکا نیشان دەدات، ئەمەش لەبەر نەخوێندنەوەی توانای ڕاستەقینەی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران، هەروەها ئەگەری خاوەندارێتییان لە سیستمگەلێک کە توانای خستنەخوارەوەی نوێترین فڕۆکە ئەمریکییەکانیان هەیە، تەنانەت فڕۆکەکانی نەوەی چوارەمی وەک ئێف-15”.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی ڕزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکەی ڕاگەیاندبوو. ترەمپ لە زنجیرە لێدوانێکدا وتی “خۆشحاڵم بەوەی بە ئەمریکییەکان ڕابگەیەنم کە ئەو ئەفسەرەی پرۆسەی ڕزگارکردنی بۆ ئەنجامدرا، ئێستا لە ئارامی و سەلامەتیدایە”، ئاماژەی بەوەش کرد کە “سوپای ئەمریکا دەیان فڕۆکەی جەنگیی تەیارکراو بە بەهێزترین چەکەکانی جیهانی ناردووە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی گەڕاندنەوەکە”.

Back to top button