
- بڕی 50 ملیۆن دۆلار وەك هاوکاریی دراوەتە حزبەکانی ڕۆژهەڵات
- چەکی سوک و مامناوەند و هەندێک چەکی قورسیش دراوەتە ئەو حزبانە
- بەشێک لە چەکەکان ئەوانەی رۆژئاوای کوردستان بوون
دوو سەرچاوەی ئاگادار قسەیان بۆ کورد مۆنیتەر کرد و باسیان لەوەکرد، ئەمریکا لەناوەڕاستی خۆپیشاندانەکانی ئێران دا لەگەڵ حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پەیوەندیی بەستووە و باس لە هاوکاریکردنی ئەو حزبانە کراوە، بۆ قۆناغی فراوانبوونی خۆپیشاندانەکان و ئەگەری ڕاپەڕینی گەورەی جەماوەریی لە شارەکان، وەك دوو سەرچاوەکەی کورد مۆنیتەر گوتیان: لە سەرەتادا ئەمریکا چەکی نەداوەتە حزبەکانی رۆژهەڵات بەڵکو بڕی 50 ملیۆن دۆلار هاوکاریی دارایی پێداون.
وەك دوو سەرچاوەکە گوتیان: کاتێک خۆپیشاندانەکان چووەتە قۆناغێکی توندەوە و ئەمریکا بە جددیی بیری لە وەشاندنی گورزی سەربازیی لە ئێران کردووەتەوە، دەستیکردووە بە پڕچەککردنی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شێوازی پێدانی چەکەکانیش دوو جۆر بووە، بەشێکیان نوێ بوون و بریتی بوون لە چەکی سوک و مامناوەند، بەشی دووەمیشیان ئەو چەکانە بوون کە لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە کشێنرانەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە کەناڵی فۆکس نیوز لەزاری دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە: لەڕێگەی کوردەوە چەک بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران گەیەنراوە، بەڵام ئەوان چەکەکانیان لای خۆیان گلداوەتەوە.
کورد مۆنیتەر لەگەڵ فەرماندەی سەربازیی یەکێک لە حزبەکانی ڕۆژهەڵات قسەی کرد، ئەو گوتی: بەوشێوەیە نیە کە لە میدیاکانەوە بڵاودەکرێنەوە، ئێمە و ئەمریکا باسی هەماهەنگیمان بۆ قۆناغی داهاتوو کردووە، نەک ئەوەی ئەمریکا چەک و پارەمان پێبدات. بەڵام ئەو دوو سەرچاوەیەی باسیان لە پێدانی چەک و پارە بە حزبەکانی ڕۆژهەڵات کرد گوتیان: دروستکردنی هاوپەیمانێتی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە چوارچێوەی پڕچەککردن و پێدانی هاوکاریی دارایی بووە بەو حزبانە.





