ساڵانێک ئامادەکاری بۆ خراپترین سیناریۆکان؛ چین بەم شێوەیە لە شەڕی ئێران ڕزگاری بوو

 

هەرچەندە ئەو قەیرانە وزەیەی کە لە ئەنجامی داخستنی گەرووی هورمز و پەرەسەندنی گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاتە ئاراوە شەڕی چین نییە، بەڵام پەکین سەلماندی کە ساڵانێکی درێژە خۆی بۆ ئەم سیناریۆیانە ئامادە کردووە.

شۆکی جیهانیی وزە، چین-ی وەک گەورەترین هاوردەکاری نەوت لە جیهاندا تووشی شۆك کرد، بەڵام ئەو ئامادەکارییە ستراتیژییانەی کە زیاتر لە دوو دەیە لەمەوبەر دەستی پێکردبوو، وای لێکردووە لە زۆربەی وڵاتانی دیکە خۆڕاگرتر بێت، ئەمەش بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز”.

نیگەرانییە فەرمییەکانی چین زوو دەستی پێکرد، هاوکات لەگەڵ گۆڕانی وڵاتەکە بۆ هێزێکی پیشەسازیی جیهانی لە کۆتایییەکانی نەوەدەکاندا؛ گەرووی مەلاقا کە زۆربەی ئەو نەوتەی بۆ پەکین دەچێت بەوێدا تێدەپەڕێت، سەرچاوەی نیگەرانییەکی بەردەوام بوو، بۆیە لە ساڵی 2004دا کۆگایەکی یەدەگی فریاگوزاریی نەوتیان دامەزراند.

لەگەڵ دەستپێکردنی خولی یەکەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، ئەو هەوڵانە بە شێوەیەکی بەرچاو دوو هێندە بوون، چونکە ئەو ئاستی مەترسییە جیۆپۆلیتیکی و بازرگانییەکانی بەرزکردەوە، ئەمەش وای لە پارتی کۆمۆنیستی چین کرد، کە پیشەسازییە ناوخۆیییەکان وەک کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ئاسایشی نیشتمانی هەژمار بکات.

پەکین ساڵانێکە سیاسەتی پیشەسازیی “لە سەرەوە بۆ خوارەوە”ی بۆ بەهێزکردنی خۆبژێوی دەستپێکردووە، بەتایبەتی لە کەرتی وزەدا کە کۆڵەکەی سەرەکیی ئەم ستراتیژییەتە بووە.

دە ساڵ لەمەوبەر چین گەورەترین بازاڕی جیهانی بوو بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە سوتەمەنی کاریان دەکرد، بەڵام ئەمڕۆ گەورەترین بازاڕە بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی.

هەروەها پەکین ملیاران دۆلاری لە وزە نوێبووەوەکانی وەک (خۆر، با و کارۆئاوی)دا خەرجکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینێکی بەرچاو لە خواست لەسەر نەوت و بەنزین و دیزڵ بۆ ماوەی دوو ساڵی لەسەریەک.

جگە لەمانە، تەکنەلۆژیایەکی پەرەپێداوە کە خەڵوز دەگۆڕێت بۆ ماددە پترۆکیمیایییەکان لەبری پشت بەستن بە نەوتی هاوردە، ئەمەش بە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیایەکی ئەڵمانی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ جەنگی جیهانی دووەم.

لە ساڵی 2020دا چین بڕی 155 ملیۆن تۆن خەڵوزی لە پیشەسازییە کیمیایییەکاندا بەکارهێناوە، ئەم ژمارەیە لە ساڵی 2024دا بۆ 276 ملیۆن تۆن بەرزبووەوە، پاشان لە ساڵی 2025دا بە ڕێژەی 15٪ی دیکە زیادی کرد.

ئەم وەرچەرخانانە ڕێکەوت نەبوون؛ لە کۆتایییەکانی ساڵی 2020دا و لەژێر ڕێنمایییەکانی سەرۆک شی جین پینگ، چین نەخشەڕێگایەکی فەرمی بۆ دەستەبەرکردنی خۆبژێوی تەکنەلۆژی و پیشەسازی بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ چین سێ لەسەر چواری پۆلیستەر و نایلۆنی جیهان بەرهەم دەهێنێت، هەروەها یەک لەسەر سێی پەینە نایترۆجینییەکانی جیهان (کە 80٪یان بە بەکارهێنانی خەڵوزە). تەنانەت لەگەڵ بەردەوامبوونی هاوردەکردنی سێ لەسەر چواری پێداویستییە نەوتییەکانی، پشتبەستنی ڕاستەقینە بە نەوتی هاوردە لە پیشەسازی و گواستنەوەدا کەمی کردووە.

بەگوێرەی “نیویۆرک تایمز”، ئەم ستراتیژییەتە لە ڕووی کردارییەوە کاریگەریی خۆی سەلماندووە؛ چونکە سەرەڕای داخستنی گەرووی هورمز تا ئاستێکی زۆر، چین توانیویەتی کارەبا بۆ ئۆتۆمبێل و شەمەندەفەرەکانی دابین بکات، هەروەها نرخی پەینە ناوخۆیییەکانیشی لە خوار نیوەی نرخی جیهانییەوە هێشتووەتەوە.

 

Back to top button